كابینەی نۆیەم دەكەوێتە بەر نەشتەری پەرلەمانتاران
بارگرانیی تەواو لەسەر هاووڵاتیان زیادی كردووەو حكومەتی هەرێم باكی پێی نییە
2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
پەرلەمانتارانی كوردستان وەڵامی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیرەكان دەدەنەوە كە لە رێگەی پەیامی ڤیدیۆییەوە باسیان لەدەستكەوتەكانی ئەم كابینەیە كردو دەڵێن:» ئەم كابینەیە شكستەكانی زۆرتر بووە لە دەستكەوتەكان و بارگرانی گەورە لەسەر هاووڵاتیان دروست بووە».
سێ ساڵ بەسەر كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان تێپەڕی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی لەگەڵ وەزیرەكان لەڕێگەی پەیامی ڤیدیۆییەوە باسیان لەو كارو چالاكیانە كرد كە ئەنجامیانداوە، بەڵام هیچ یەكێك لەو بەرپرسانە ئەوەیان نەخستەڕوو كە زیادكردنی داهات كەوتۆتە سەر شانی هاووڵاتیان و كێشەی كارەباو رێگاوبان و گرانی سوتەمەنی (بەنزین، نەوتی سپی) هەیەو هەوڵی چارەسەركردنیان دەدەن.
بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر كابینەكەی، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی:» لەماوەی سێ ساڵدا، مووچە بەبەردەوامی دراوە، بەپێی بودجەی بەردەست، توانیومانە بارگرانی سەر خەڵك و حكومەت كەمبكەینەوە».
هەروەها وتیشی:» داهاتی ناوخۆ 100% زیادیكردووە، زۆرترین خەرجیش بۆ رێگاوبان بووە».
هاوكات، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی:» حكومەت، لەڕێگەی پرۆگرامی خزمەتەوە، كە زیاتر لە ٤٩٠ خزمەتگوزاریی لەخۆدەگرێت، پێداچوونەوە بە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانە دەكات، كە پێشكەشی هاووڵاتیان دەكرێن».
« ٩٥ ملیار دینار بە رێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی گێڕدراوەتەوە بۆ حكومەت، داهاتی گومرگیش لە ٩٥٦ ملیارەوە بۆ یەك ترلیۆن و ٦٩١ ملیۆن دینار لە كابینەی نۆیەمدا بەرزكراوەتەوە»، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی وای وت.
پەرلەمانتارانی كوردستان كابینەی نۆیەم دەدەنە بەر نەشتەرو ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە لەم كابینەیەدا قاچاغچێتی رێكخراو زۆر بووەو باجەكان لەسەر هاووڵاتیان زیادی كردووەو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بەردەست نییە.
عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت :»وەزیرەكان تێكرا باسیان لەدەستكەوتەكان كرد، لەكابینەی نۆی حكومەتی هەرێم، بەڵام باسیان لەگرفتەكان نەكرد، بۆیەكەمجار لەم كابینەیە لە سەرەتای 2020 ەوە قاچاخی رێكخراو دەستیپێكرد، هاوشێوەی كابینەی پێشوو یاسای بودجە نەبووە، كە یاسای بودجە نەبوو چاودێریكردنی داهات زۆر قورس دەبێت، هەموو ئەو پارانەی خەرج كراون دیارنییە».
« لەم كابینەیە دووئیدارەیی زەق بووەوە، لەهەندێك پرۆژە هەیەو لەهەندێك نییە، لەهەندێك شوێن مووچە هەیە و لەهەندێك شوێن نییە، وەك چۆن لەكابینەكانی پێشوو زەوی بەهای نەبوو لەم كابینەیە بۆ دەوڵەمەندكردنی هەندێك كەس بەكارهێندرا»، عەلی حەمەساڵح وادەڵێت.
عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەشكرد تەنها ئەو زەویانەی لەشارەكان بەناوی پرۆژەوە بۆ چەند كەسێكی دیاریكراو بوون چەندین جار زیاترە لەپارەی پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و ئاوەڕۆ و ئەوانی دیكە، ئەگەر حكومەت بیفرۆشتایە زیاتری دەكرد، وتیشی:» تەنها مووچە لەم كابینەیە دوانەكەوتووە چونكە نەوت بەرزبووە، جگە لەوەی پارەی نەوت زیاتر دەگەڕێتەوە بەڵام ناكرێت بووترێت گرنگە چونكە هەمانشێوەی رابردوو پارەیەكی زۆری نەوت بەفیڕۆ دەڕوات».
عەلی حەمەساڵح روونكردنەوەی زیاتری لەسەر داهاتی نەوت خستەڕوو كە لەئێستادا نزیكەی 500 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت دەگەڕێتەوە ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت گرەنتی نییە داهاتی نەوت دانەبەزێت، هەرێمی كوردستان یەدەگ و توانای قەرزی نیە بەرگەی دابەزینی نەوت ناگرێت بەم فۆڕمەی ئێستا، كە هەرێمی كوردستان دەبێتە قوربانی سنووری سلێمانی زیاتر زیان دەكات چونكە بەشێك لەپرۆژەكان و مووچەش لەسەر داهاتی سلێمانی خۆیەتی، وتیشی:» شتێك نییە بەناوی خەزێنەی داهات هەر ناوچەیە و داهاتی خۆی خەرج دەكات، 873 پرۆژە لەسلێمانی وەستاون بەڵام لەسنووری پارتی هەموو پرۆژەكان كاردەكەن، تەنانەت 100 مەتریەكەش پارەی بۆ خەرج نەكراوەو ڕاگیراوە، یەكێكی دیكە لەگرفتەكان ئەوەیە بەرپرسانی حكومەت لەم كابینەیە بەدواداچوون بۆ بڕیارەكانی خۆیان ناكەن دەتوانم دەیان پرۆژەیان پێبڵێم».
عەلی حەمەساڵح جەختی لەوەشكردەوە كە هێزی چەكدار هەر حزبییە و وردتریش كراوەتەوە، لەهەردوو زۆنەكە دادگا لەژێر هەژموونی حزبدایە، بەڵام «دادوەری باشیش ماوە».
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە «لەئەمساڵدا هیچ دەرمانێك لەبودجەی هەرێم بۆ سلێمانی نەكڕدراوە، ئەوەی هەیە لەبەغداوە دێت، تەنانەت چەكەكانی نەخۆشخانەی هیوا لەبانك خەرج ناكرێت، جگە لەوەی 50%ی كارگەكانی كوردستان داخراون چونكە باری سەرشانیان قورسكراوە كەواتە شانازی نییە بڵێن داهاتی باج زیادیكردووە پرۆژە گەورەكانیش لەباج بەخشراون واتە ناعەدالەتی زۆر لەباجدان هەیە».
«لەخاڵە سنوریەكان لەبری ئەوەی قاچاغی نەهێڵن دوو كۆمپانیای دیكەیان زیاتركردووە بۆ وەرگرتنی باج بەشێوەیەكی نایاسایی، ئەمەش بە رێككەوتن كراوە، دەبوو بەرپرسانی حكومەت هەموو ئەو كەموكورتیانەیان دیاریبكردایە و چارەسەریان پێبوایە، بەڵام نییانە». عەلی حەمەساڵح وای وت.
پەرلەمانتارێكی دیكە پێیوایە كە كۆمپانیا گەورەكان باج نادەنە حكومەت و لەسەدا 80ی باج لەسەر شانی هاوڵاتیانە.
عومەر گوڵپی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری كوردستان بەهاوڵاتی وت:» كۆمپانیای روسنەفت و گروپی كۆمپانیاكانی كار 840 ملیۆن دۆلاری لە2021 وەرگرتووە بەڵام یەك دینار باجیان نەداوە، ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای نزیك لەحزبەكانیش خۆیان دەدزنەوە لەباج، پێویستە یاسای باج و یاسای وەبەرهێنان و نەوت و گاز هەمواربكرێتەوە كە سەرچاوەی بەفیڕۆدانی داهاتە».
هەروەها باسی لەوەشكرد كە زۆرینەی وەبەرهێنەران دەبوو لەبواری كشتوكاڵ و پیشەسازی وەبەرهێنان بكەن، بەڵام زۆربەیان لەنیشتەجێبووندا وەبەرهێنان دەكەن كە قازانجێكی زۆر دەكەن، ئەمەی بە بەفیڕۆدانی سەروەت و سامان و زەوی و ئاوی ئەم وڵاتە وەسف كرد.
بەوتەی ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری كوردستان «سێ مەترسی زۆر گەورە لەسەر هەرێم هەیە، یەكەم بێكاری دووەم هەژاری سێیەم بێئاوی، لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا مەترسی گەورەی لێدەكەوێتەوە و لەبەسرە و عەمارە و بەغدا خراپتر دەبێت، ئەوەی كەئێستا حكومەت مووچەی بۆ دەدرێت چاكسازی و ئازایی حكومەت نییە بەرزبوونەوەی داهاتی نەوتە ئەی ئەگەر نەوت دابەزی چۆن مووچە دەدەیت و خزمەتگوزارییەكان بەردەوامی پێدەدەیت؟».
«نابێت یەك بەیەك وەزیرەكان بێنە سەر شاشە و بەشتی بچووكەوە خەڵك مەشغول بكات، پێویستە گۆڕانكاری ڕاستەقینە بكرێت و حكومەتی هەرێم بەزوویی خۆی بۆ قۆناغی ئایندە ئامادەبكات، لەهەولێر خەڵك بەدوو هەفتە جارێك ئاوی پێدەدرێت، ئاو هەیە بەڵام بەفیرۆدەچێت». عومەر گوڵپی وای وت.
عومەر گوڵپی ئاماژەی بەوەشدا «لەكاتێكدا حكومەت هاوكاری گەنجان ناكات بۆ دۆزینەوەی كار و قەرزی بچوك و هاوسەرگیری نەماوە، باجی ئینتەرنێتیشی لەسەر %20 زیادكردووە، جگە لەوەی یاسای خانەنشینان لەبەغدا دەرچووە و لەهەرێم جێبەجێناكرێت».
پەرلەمانتارێكی یەكگرتوو دەڵێت:»شێوازێكی مەترسیداری باج پەیڕەو دەكرێت، كە باجیش شڵەژاو بوو چالاكی ئابووری خاو دەكاتەوە و گەرموگوڕی بازاڕیش كەم دەكاتەوە».
شێركۆ جەودەت، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»باج سیستەمێكە بەرامبەر خزمەتگوزاری وەردەگیرێت، واتە دەبێت چالاكی ئابووری هەبێت لەلایەن ئەو كەس یان كۆمپانیایەوە بڕێكی دەگێڕدرێتەوە بۆ حكومەت، بەڵام ئەوەی روویداوە نەچالاكی ئابووری هەیە نە سیستەمە حكومیەكە وەكو خزمەتگوزاری دابینی كردووە، حكومەتی هەرێم زۆر نەشارەزایانە دەستكاری باجی كردووە باجی خانووبەرەی لە%1ەوە كردووە بە %3 ئەمەش بەدەر لەیاسایە».
« تائێستاش بۆ بەرزكردنەوەی باج نەگەڕاونەتەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان، جگە لەوەی باج خۆی كەموكورتی زۆری تێدایە، كۆمپانیاكان هەروا لە رێگەی ژمێریارێكەوە بودجەیەك رێكدەخەن و دەیدەن بە حكومەت كە زۆرینەی راست نییە، دەتوانین بڵێین بۆ كاسبكار و هاووڵاتیان باج هەیە بەڵام كۆمپانیا زەبەلاحەكان و كۆمپانیا نەوتی و سەرمایەدارەكان باجیان لێوەرناگیرێت، بۆیە شێوازێكی مەترسیداری باج پەیڕەو دەكرێت»، شێركۆ جەودەت وای وت.
شێركۆ جەودەت پێشیوابوو كە پەرلەمان رۆژ لەدوای رۆژ عەیبدار دەكرێت و لێی ئەدرێ تاخەڵك رقی لێی بێت، چونكە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و یاسادانان لەپەرلەمان دەكرێت، هەمیشە هەموو هێزی خۆیان خستووەتەگەڕ تا پەكی بخەن و ناشرینی بكەن، چونكە پەرلەمان هەڵبژێردراوی خەڵكە وتیشی:»بینیمان سێ مانگ لەمەوپێش چۆن یەكێتی و پارتی پەكیان خست و نایانەوێت هەڵبژاردن بكرێت، ئێمە ململانێمان بۆ ئەوەیە پەرلەمانێكی بەهێز هەبێت، ئەوانیش بەپێچەوانەوە دەیانەوێت پەرلەمانێكی لاواز و پەككەوتوو بێتەدی».
بەوتەی ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان «لەم كابینەیەدا حكومەت بووەتە داردەستی سەرمایەدار و كۆمپانیا حزبیەكان بەیەكێتی و پارتی و گۆڕانیشەوە ئەوەی ئەوان بیانەوێت لەئاسانكاری بۆیان دەكرێت و سەرمایەداری گەورەی هەڵتۆقیو دروستبووە، نەوت بەناشەفافی دەبرێت بەڕێوە نۆ ساڵیشە ئەم حكومەتە بودجەی نییەو داهاتیش بەشێوازێكی قێزەون لەلایەن ئەو حزبانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەمە دەستكەوت بێت لەو هەموو گەندەڵییەی رۆژ بەرۆژ زیاتر دەبێت».
پەرلەمانتارێكی یەكێتی كە حزبەكەی بەشدارە لە حكومەتی هەرێم، هاوشێوەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن رەخنە لەكابینەی نۆیەم دەگرێت.
عەباس فەتاح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكێتی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» لایەنێكی باشتری ئەم كابینەیە نابینم لەكابینەكانی پێشوو، چونكە باشتر ئەوەیە ژیانی خەڵك بەرەو باشتر چووبێت، هەلیكار بۆ خەڵك دۆزرابێتەوە و پاشەكەوتی مووچە لەوانی دیكە كراوە لەم كابینەیە درابێتەوە، باشتر ئەوەیە رێگاوبان و خزمەتگوزارییەكان باشتر بێت بۆیە من جیاوازیەك نابینم كە دیار بێت ئەم كابینەیە باشتر بێت».
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی «زیاتر لە هەشت ساڵە بودجە نەهاتووەتە پەرلەمان كەواتە ناتوانم بڵێم باشترە بۆ چاودێریكردن، هاتنی وەزیر و بەرپرسەكان جیاوازییەكی ئەوتۆ نییە، لەكابینەی پێشتر هەندێك دۆخی ناهەموار هاتە پێشەوە لەوانەش شەڕی داعش، بۆیە بەراوردی بكەین بە كابینەكانی پێشووتر ئەوا ئەم كابینەیە باشتر نییە، دۆخی دووئیدارەییش لەم كابینەیە زیاتر دێت كە ئەمەش جیاوازیكردنە بەتایبەت بوونی پرۆژە و مووچە لەناوچەیەك و نەبوونی لەناوچەیەكی دیكە».
سەبارەت بەدۆخی مافی مرۆڤ لەكابینەی نۆ عەباس فەتاح دەڵێت:»لەوانەیە هەندێك بابەت زۆر گەورە بكرێت یاخود بەدواداچوونی جددی تری بۆ دەكرێت، مەسەلەی كوشتن و گرتنی رۆژنامەنووسان زیاتربووە، مەسەلەی مافی مرۆڤ بووەتە جێی پرسیار لای هەموان».