حكومەتی هەرێم پارە بۆ دەرمان لەنەخۆشخانەی هیوا خەرجناكات

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

 

بەوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی دۆخی تووشبوانی شێرپەنجە بەهۆی نەبوونی دەرمان لەئاستێكی مەترسیداردایە، بەپێی ئامارێكیش رۆژانە 15 تووشبوی نوێ تۆماردەكرێن.

نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی بۆ تووشبوانی شێرپەنجە ساڵانە  پێویستی بە 40 ملیار دینارە بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانی، بەڵام وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم سەرەڕای ئەوەی لیژنەیەكی ناردە سلێمانی بۆ لێكۆڵینەوە لەنەمانی دەرمان لەنەخۆشخانە، بەڵام دەرمانی دابین كرد.

نەخۆشخانەی هیوا لەم رۆژانەدا قەرەباڵغییەكی زۆری پێوەدیارە، بەڵام زۆربەی ئەو نەخۆشانەی دەچنە ئەوێ بێهیوا دەبن لەوەرگرتنی چارەسەر، بەشێكی زۆری نەخۆشەكان بەهۆی نەبوونی دەرمان ناچارن لەدەرەوە دەرمان بكڕن، یەكێك لەتووشبوەكان بەناوی ئازاد حسێن  بەهاوڵاتی وت: «شەش ساڵە تووشی شێرپەنجەی سییەكان بووم، پزیشك پێم دەڵێت هەفتەی جارێك دەرمان وەریبگرم، بەڵام لەڕێگەی قاچاخچییەوە دەستم دەكەوێت، پێیان وتووم هەشت نەخۆشی دیكەش هەیە كە ناتوانن داخڵی بكەن».

یەكێكی دیكە لەنەخۆشەكان بەناوی مەروان عەباس بەهاوڵاتی وت «من مانگ نییە بەبەهای 150 بۆ 250 هەزار دینار دەرمان نەكڕم، لە2004 ەوە شێرپەنجەمە، ئەمە چوارەم جارە نەخۆشییەكە تێمدا سەرهەڵدەداتەوە، بەس كیمیاییەكە لێرە وەردەگرم و 14 رۆژ جارێك دێم وەریدەگرم».

پێندرۆ لیزۆماپ و پێترۆزوماپ، ئەو دوو جۆرە دەرمانەیە كە مانگانە 160 نەخۆش زیاتر پێویستیانە لەنەخۆشخانەی هیوا، تێچووەكەیان یەك ملیارو 40 ملیۆن دینارە، بەڵام ئێستا لەنەخۆشخانەكە نەماوە، نەخۆش دەبێت خۆی بیكڕێت كەتێچووی 200 ملیمی زیاترە لەدوو ملیۆن دینار.

 ساڵانە نەخۆشخانەی هیوا پێویستی بەزیاتر لە 40 ملیار دینارە بۆ دابینكردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان، بەم ساڵێكە كێشەی كەمیی دەرمان بەرۆكی نەخۆشخانەكەی گرتووە، ئێستا بەشێكی زۆر لەدەرمان لەنەخۆشخانەكە نەماوە.

 تەندروستی سلێمانی داوای لەلیژنەی چارەسەری كێشەی دەرمان لەوەزارەتی تەندروستی كردبوو، كە لەسێ مانگی رابردوودا بۆ چارەسەری كێشەی دەرمان سەردانی سلێمانییان كرد، لەداهاتی نەوت پارەی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكان دابین بكرێت، بۆ ئەوەی راستەوخۆ پارەكەی خەرج بكرێت، بەڵام بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن هەرچەندە بەڵێنیان پێدراوە، یەك دیناریان بەدەست نەگەیشتووە بەهۆی ئەوەی پارە لەبانكدا نەماوە، د.یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیواش بۆ هاوڵاتی ئەوەی ئاشكراكرد بەهۆی نەمانی دەرمان لەقەیرانێكی مەترسیداردان.

د.یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەسلێمانی وتیشی: «زۆر لەقەیرانداین، زۆربەی كۆمپانیاكانی دەرمان بەفەرمی پێیان وتووین كە ناتوانن دەرمان دابین بكەن، چونكە شایستە داراییەكانمان بۆ دابین نەكراوە، تەنانەت كۆمپانیاكانی پێداویستی پزیشكی و تاقیگەییش بەهەمانشێوەیە».

وتیشی:»گرفتێكی دیكە ئەوەیە ئامێرەكانمان پێویستیان بەچاككردنەوەیە تائێستا بابەتی چاككردنەوەی ئامێرەكان یەكلایی نەكراوەتەوە، یەكێك لەو گرفتانەی دروستبووە سەنتەری ژیانەوەیە كە تایبەت بەتیشكەو چالاك نییە».

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دەشڵێت:»نەخۆش هەبووە لەماوەی ئەم شەش مانگە كەكاتی بۆ دانراوە، دەبوو یەكەم رۆژ وەریبگرێت دواتر دوای شەش مانگەكە گیانی لەدەستداوە، چەندین جارە داوا دەكەین هەنگاوی جددی نەنراوە، دەبێت ئاستی باڵاتر لەوەزارەتی تەندروستی بێنەسەرخەت، گرفتەكە دەبێت لەبنەڕەتەوە چارەسەر بكرێت نەك بۆ دوو مانگ و سێ مانگ».

بەوتەی د.یاد نەقشبەندی هۆكاری شێرپەنجە زۆرن، بەڵام گرنگترینیان زۆربوونی ئۆتۆمبێل و كوالێتی خۆراك و پیسبوونی ژینگەیە كە لەهەرێمی كوردستان و عێراق رۆژ بەڕۆژ بەوهۆیەوە تووشبوان زیاتر دەبن.

ئامارەكانی نەخۆشخانەی هیوا دەریدەخەن رۆژانە زیاتر لە 15 تووشبوی نوێی شێرپەنجە تۆمار دەكرێت و تەنیا لەیەك رۆژدا نزیكەی هەزار نەخۆش سەردانیان دەكات.

نەخۆشخانەی هیوا لەگەڕەكی قڕگەی شاری سلێمانییە، لەساڵی 2007 ەوە كراوەتەوەو سەنتەرێكی تایبەتە بە چارەسەركردنی هەموو جۆرەكانی شێرپەنجە، نەخۆشخانەكە سەر بەكەرتی گشتیی و سەر بەوەزارەتی تەندروستییەو 180 تەخت لەخۆدەگرێت.

هەر سەبارەت بەهۆكارەكانی زۆربوونی شێرپەنجە، ملكۆ بازیانی سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان بەهاوڵاتی وت : « لەماوەی رابردوودا كێشەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك هەبوو لەپارێزگای سلێمانی، كەئەویش بەهەوڵی حزبی چارەسەركرا، لەهەفتەی رابردوو لەماوەی هەشت كاتژمێردا لەنەخۆشخانەی هیوا نزیكەی 964 هاووڵاتی پشكنینی بۆكراوە، لەماوەی 48 كاتژمێردا بەرزبووەوە بۆ دوو هەزارو 850 هاووڵاتی، یەكێك لەهۆكارەكان ناوچەی پیشەسازی تانجەرۆیە، كە بووەتە دێوەزمەیەك بەسەر شاری سلێمانییەوە، كە تەنها 400 مەتر لەئاوەدانییەوە دوورەو دەكرێت ئەو ناوچەیە چارەسەر بكرێت، ملیۆنێك و 250 هەزار هاووڵاتی لەناو شاری سلێمانیدا دەژین، ئەو ناوچەیە ئاووهەواو خاكیشی پیس كردووە، تیشی: «هۆكارێكی دیكە زۆربوونی ئۆتۆمبێل و خراپی و پیسی خواردنە».

لەمانگی حەوتی ساڵی 2021 سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماری 13 ساڵی رابردووی ژمارەی تووشبوانی شێرپەنجەی لەهەرێم و عێراق بڵاوكردەوەو تیایدا لەسەر ئاستی وڵات شاری بەغدادو لەسەر ئاستی هەرێم شاری سلێمانی بەپلەی یەكەم هاتوون و لە ١١%ی حاڵەتەكانی مردنیش لەعێراق بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوەیە، بەمەش مردن بەو نەخۆشیە بەپلەی دووەم دێت لەناو ئەو هۆكارانەی كەدەبنە هۆی گیانلەدەستدان.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار