بەکاریگەری (مەم و زین) دوو هاوسەر لەچینەوە هاتنە جزیرە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دکتۆر نورەددین دۆنگ مامۆستا لە ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی شانگهای،  بەرهەمی مەم و زین بۆ زمانی چینی وەردەگێڕێت و بەمەبەستی بینینی خاکی چیرۆکی مەم و زین لەگەڵ هاوسەرەکەی لە چینەوە هاتوون بۆ جزیرە.

دۆنگ لە کاتی کارە ئەکادیمییەکانیدا دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە لە بەرهەمی مەم و زینی ئەحمەدی خانی کە باس لە چیرۆکی عاشقانەی دوو دڵدار دەکات کە بەیەکتر ناگەن و رووداوەکە لە ١٤٥٠-١٤٥١ لە جزیر رووی داوە،ئەم مامۆستایەی زانکۆ کە پێنج ساڵ لەمەوبەر موسڵمان بووە، بڕیاریشی داوە ناوی خۆی لە نەنگ'ەوە بگۆڕێت بۆ نورەددین.

ئەم بەرهەمەی ئەحمەدی خانی کە بۆ زمانەکانی عەرەبی، فارسی، فەڕەنسی و رووسی وەرگێڕدراوە، دۆنگ بڕیار دەدات بۆ زمانی چینیش وەری بگێڕێت و ماوەی دووساڵە سەرقاڵی کارکردنە لەسەری.

دۆنگ ساڵی رابردوو هاوسەرگیری لەگەڵ یومنا بەیراکتار کردووە کە بە رەچەڵەک تورکە و لە سعوودیە لەدایک بووە و لە رێگای تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە یەکتریان ناسیووە. لە یەکەمین ساڵوەگەڕی هاوسەرگیریشیاندا دۆنگ و هاوسەرەکەی بڕیار دەدەن بچنە سەر گڵکۆی مەم و زین لە گەڕەکی سور لە جزیرە.

نورەددین دۆنگ بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە چیرۆکی مەم و زین زۆر کاریگەری تێ کردوون و گوتی: "ئەم سەردانە لە یەکەمین ساڵوەگەڕی هاوسەرگیریماندا بۆ ئێمە زۆر بەهادارە. بە سەردانیکردنی گڵکۆی مەم و زین هەستێکی زۆر تایبەتم لا پەیدا بوو. ئەم دوو عاشقە بە خۆشەویستییەکەیان وانەی زۆر جوانیان بۆ جێهێشتووین. دوو هەزار و ٥٠٠ بەیتی بەرهەمەکەم بۆ چینی وەرگێڕاوە. دڵخۆشم بەوەی کە ئەم کارە دەبێتە هۆی زیاتر ناساندنی ئەم بەرهەمە".

یومنا دۆنگ'یش ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی ئەوەی نورەددینی هاوسەری کاری لەسەر بەرهەمی مەم و زین کردووە بە چیرۆکەکە زۆر کاریگەر بووە، گوتی: "مەم و زین زۆر یەکتریان خۆش ویستووە، بەڵام بەیەک نەگەیشتوون، زۆر سوپاس بۆ خوا ئێمە بەیەکتر گەیشتین. هیوادارم هەموو ئەوانەی عاشقی یەکن بەیەک دەگەن".

عەبدولعەزیز بیلگە کە بە درێژایی گەشتەکەی ئەم دوو هاوسەرە بووە بە چاوساغ و رێبەریان، بە ئاماژەدان بەوەی کە بیستوویەتی ئەوان لە چینەوە بۆسەر گڵکۆی مەم و زین هاتوون زۆر سەرسام بووە، باسی لەوە کرد بۆ ماوەی دوو رۆژ میوانداری کردوون لە ماڵی خۆی.

عەبدولعەزیز بیلگە بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەوانی بردووەتە شوێنەوارە مێژوویی و کولتوورییەکانی ناوچەکەیش، گوتی: "وەک خەڵکی جزیرە زۆر خۆشحاڵین بەوەی نورەددین دەستی کردووە بە وەرگێڕانی بەرهەمی مەم و زین. ئەوان زۆر کەوتنە بەر دڵمان و داوامان کرد جارێکی دیکەیش بێنەوە. نورەددین ئاماژەی بەوە دا کە دواتر کار لەسەر بەرهەمەکانی مەلا ئەحمەدی جزیری و سولەیمان چەلەبی دەکات. ناومان لە نورەددین نابوو 'مەم' و ناومان لە یومنایش نابوو 'زین".

هاووڵاتی ئەمین ئەڤرەت'یش بە ئاماژەدان بەوەی کە هاتنی ئەم دوو هاوسەرە لە چینەوە بۆسەر گڵکۆی مەموزین بووەتە مایەی شانازی بۆیان، گوتی: "وەرگێڕانی بەرهەمی مەم و زین بۆ چینی و زیاتر ناساندنی ئەم دڵخۆشمان دەکات".

سەرچاوە: ئاژانسی ئانادۆڵۆ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار