گرانی نەوت بڕینەوەی دار لەهەرێمی كوردستان زیاتردەكات
پۆلیسی دارستان: لەدوو مانگدا 121 كەس دراونەتە دادگا
2 ساڵ لەمەوپێش
سەركۆ جەمال
بەگوێرەی ئامارێكی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی كوردستان، لەسەرەتای مانگی رابردووەوە، تاوەكو ئەمڕۆ لەهەرێمی كوردستان بەهۆی داربڕینەوە 121 كەس دراونەتە دادگا، چاوەڕوانیش دەكرێت بەهۆی گرانی نرخی نەوتی سپی داربڕین زیاتر ببێت.
فوئاد ئەحمەد زراری، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند:»ئەوانەی داری بڕیوەو دەستگیركراون دوو جۆرن، بەشێكیان بۆ خۆیان بەكاریدەهێنن و بەشێكیان بۆ بازرگانیكردن داردەبڕنەوە».
وتیشی:» لە 1-9-2022 تاوەكو 23-10-2022، لەهەرێمی كوردستان 163 تاوانی ژینگەیی ئەنجامدراون و بەهۆیانەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ 121 كەس كراوەتەوە، ئەوانەی بازرگانی بەدارەكانەوە دەكەن زۆر مەترسیدارن و دارەكان لەبنەوە دەبڕنەوە، بەڵام ئەوانەی بۆ خۆگەرمكردنەوە داردەبڕنەوە زۆرینەیان لق و پۆپی دارەكان دەبڕنەوە و وەكو بازرگانەكان دارەكە لەناو نابەن.
بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەمساڵ داربڕین زۆرتربووە، بەڵام هێشتا بەبڕوای من لەوەرزی زستان واتە چەند مانگێكی دیكە داربڕینەوە زیاتر دەبێت، ئەگەرنا وەكو ئامارو بەراورد بەساڵی رابردوو تائێستا نزیكە لەیەكتر، بەڵام پێشبینی دەكرێت زیاتر ببێت».
سەبارەت بەناوچەكانیش كەزۆرترین داریان تێدا بڕاوەتەوە، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی كوردستان دەڵێت: «ناتوانم بڵێم كام ناوچەی شاخاوی لەپارێزگایەكی دیاریكراو زۆرترین تاوانی ژینگەیی تێداكراوە، بەڵام دەتوانم بڵێم لەهەموو ناوچە شاخاوییەكان بەبێ جیاوازی تۆمەتبارانی بڕینەوەی دار دراونەتە دادگا».
وتیشی:» سزادانی ئەو كەسانەی دار دەبڕنەوەو بۆ خۆگەرمكردنەوە بەكاریدەهێنن كەمترە لەوانەی بازرگانی پێوە دەكەن».
هاوكات هێمن كەمەرخان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و پاوانی سلێمانی بەهاوڵاتی وت:»ناتوانین جارێ بەراورد بەساڵی رابردوو بكەین، بەڵام ساڵی رابردوو 138 هاووڵاتی لەسەر بڕینەوەی دار دەستگیركران، بەڵام ئەمساڵ تامانگی نۆ 93 هاووڵاتی دەستگیركراون، زۆرترین داربڕینەكانیش لەمانگی نۆوە دەستپێدەكات، واتە دەتوانین بڵێین كاتێك وەرزی سەرما دەستپێدەكات داربڕینەوەش دەستپێدەكات».
وتیشی:»ئەم ئامارە تەنها لەسنوری 10 قەزاو 24 ناحیەی سنووری پارێزگای سلێمانییە، تیایدایە بۆ بازرگانی یاخود بۆ خەڵوزكردن بڕیویەتیەوە، هاووڵاتیش هەیە تەنیا بۆ خۆگەرمكردنەوە داری بڕیوەتەوە».
وتەبێژی پۆلیسی دارستان و پاوانی سلێمانی دەشڵێت:»ئەو ئامارە مانگی 10 ناگرێتەوەو لەمەودوا رەنگە داربڕینەوە زیاتریش بێت».
بەگوێرەی ماددەی 21 لەیاسای ژمارە 10ی ساڵی 2012ی تایبەت بەدارستان و پاوان لەهەرێمی كوردستان، سزای بڕینەوەی دار لەپێبژاردن بەسێ ملیۆن دینار بۆ پێنج ملیۆن دینارەو هەندێكجاریش زیندانیكردنە كەماوەكەی لەساڵێك زیاتر تێپەڕنەبێت.
بڕینەوەی دار بۆ خۆگەرمكردنەوە لەكاتێكدایە، بەرمیلێك نەوتی سپی لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 250 هەزار دینارە.
هاوكات ئەو نەوتەی حكومەتی عێراق بەنیازبوو بینێرێت بەوتەی كاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ :»هەر لیترێك 750 دینارەو 200 لیترەكە دەكاتە 150 هەزارو بەكرێی گواستنەوەشەوە دەگاتە 160 هەزار دینار».
داربڕین زیاتر لەناوچە شاخاویەكانی هەرێمی كوردستانە بەهۆی كەشە ساردەكەیانەوە، هەفتەی رابردوو پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ دەستگیركردنی دوو كەسی راگەیاند كەیەكێكیان بەتەنها زیاتر لەهەزار داری بڕیوەتەوە، پۆلیسی دارستانی باتیڤاش لەپارێزگای دهۆك دەستگیركردنی شەش كەسی لەسەر داربڕینەوە راگەیاند.