ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران 99 رۆژی تێپەڕاند
شۆڕشی ژینا لە سنە تا تاران بەردەوامە
2 ساڵ لەمەوپێش
100رۆژ بەسەر مەرگی ژینا ئەمینیدا تێدەپەڕێت و 99 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگی ئەو بەردەوامە ئەمڕۆش لە زانکۆکانی تاران تا شەقامەکانی سنە بە شێوازی جیاواز یادی ژینا و کوژراوانی خۆپیشاندانەکان کرایە و رێکخراوێکیش هۆشداریی دەدات کە 60 دەستگیرکراو مەترسیی لەسێدارەیان لەسەرە.
ئەمشەو لە چەند شوێنێکی شاری سنە گەنجان بە کردنەوەی ئاگر وەک شەوانی دیکەی دروشمیان دژی دەسەڵات و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە وتەوە شاری سنە مێژوی 100 رۆژ بەردەوامبون لە ناڕەزایەتیی دوای مەرگی ژینا ئەمینیی تۆمار کردوە و بە ناوەندێکی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەقەڵەم دەدرێت و تەنها لەو شارە 18 کەس تا ئێستا کوژراون.
لە شاری کەرەج سەرەڕای بەفربارین و کەشی سارد رێپێوانی بەرفراوان بەڕێوچو کە بە رێپێوانی بێدەنگی ناودەهێنرێت و سەدان کەس پێکەوە رێپێوان دەکەن وەک ئاماژەیەک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی.
رۆژی شەممە لە وڵاتانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، دانیمارک و تورکیا خۆپیشاندان و گردبونەوەی بەرفراوانی ناڕەزایەتیی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچو.
یەکێتی خوێندکارانی زانکۆ لە ئێران رۆژی شەممە ئاشکرای کرد لانیکەم 300 خوێندکاری زانکۆ سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە بەڵام دادگاکانی وڵاتەکە ئەو سزایانە ئاشکرا ناکات بە پێی ئامارەکان زیاتر لە دو هەزار خوێندکاری زانکۆ لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیر کراون.
دادگای باڵای ئێران رایگەیاند پێداچونەوە بۆ سزای سێدارەی سامان سەیدی (یاسین) دەکات و هاوکات پێداچونەوە بۆ سزای سێدارەی محەمەد قوبادلو دەکات.
ناوەندی هەرانا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە تا ئێستا 60 کەس مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە و جێبەجێکردنی سزای 11 کەسیشیان لە ئان و ساتدایە.
لە لایەکی دیکەوە سزای چوار سال زیندانیی بەسەر پارێزەرێکی دۆسیەی هەینی خوێناوی لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان سەپێنرا.
مستەفا نیلی، پارێزەری دۆسیەی کوژراوانی زاهیدان لە پارێزگای سیستان پێش گەیشتنی بەو پارێزگایە لە فڕۆکەخانەیەکی شاری تاران دەستگیر دەکرێت و دوای ماوەی زیاتر لە سێ هەفتە دەستبەسەربون لە لایەن دادگایەکی ئێران چوار ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، ئەوەش لە کاتێکدایە دادگاکانی ئێران خۆیان دەستنیشانی دەکەن چ کەسێک پارێزەری دۆسیە یان دەستگیراوانی ئەم دواییانە بێت و رێگریی لە پارێزەرانی تایبەت دەکرێت کە ئامادەیی خۆیان بۆ پارێزگاری لە دەستگیرکراونی ناڕەزایەتییەکان دەربڕیوە.
لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان تا ئێستا 44 پارێزەر لە ئێران بە تۆمەتی پشتیوانیی نایاسایی لە ناڕەزایەتییەکان و دەستگیرکراوان ، دەستبەسەر کراون.
تۆمارێکی ڤیدیۆیی نوێی موژگان کاوسی، خانمە نوسەر و تێکۆشەری کورد بڵاو دەکرێتەوە کە بەشێوازێکی پڕ لە هەست تەنبور دەژەنێت.