ئەمریکا دوای ئەوروپا و بەریتانیا سزای دیکە بەسەر سوپای پاسداراندا دەسەپێنێت
لە یەک رۆژدا ئەمریکا و ئەوروپا و بەریتانیا دەیان سزایان دژی دەسەڵاتی ئێران سەپاند
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا
2 ساڵ لەمەوپێش
ئەمریکا ژمارەیەک سزای نوێی دژی 10 بەرپرسی سەربازیی و ناوەندێکی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیاند.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد کە ناسر راشدی، جێگری وەزیری هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) و حسێن تەناوەر، فەرماندەی سوپای پاسداران لە شاری قوم و محەمەدنەزەر عەزیمی، فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای کرماشان و کوروش ئاسیابانی، جێگری فەرماندەی ناوەندی رۆژئاوای سوپای پاسدران و موجتەبا فێدا، فەرماندەی ناوەندێکی شاری ئەسفەهان و ناوەندی "هاوکاریی سوپای پاسدران" و پێنج بەڕێوبەری ئەو ناوەندەی سزا داوە.
بە پێی راگەیەنراوەکەی گەنجینەی ئەمریکا ئەو سزایانە دژی کۆڵەکە سەرەکییەکانی سوپای پاسدارانە کە زیاترین رۆڵیان گێراوە لە سەرکوتی بێبەزییانەی خەڵک و لە روی داراییەوە پشتیوانی رژێمی کۆماری ئیسلامی بون بۆ سەرکوت.
گەنجینەی ئەمریکا رونی کردوەتەوە ؛ ئەو فەرماندە سەربازییانەی کە ناویان هێنراوە کاری رێکخستن و هەماهەنگییان لە نێوان پارێزگاکاندا کردوە بۆ سەرکوتی خەڵک و ناڕەزایەتییەکان.
ئەمریکا جەختی لەوە کردوەتەوە کە ناوەندی هاوکاریی سوپای پاسداران سەرچاوەی گەندەڵی و بەرتیل بوە و پێشتریش بەهۆی چالاکیی موشەکیی سزا دراوە بەڵام سزاکانی ئەمجارە بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانەوە بوە.