کرملین: "رەوانەکردنی چەک و تانک لەلایەن خۆرئاواوە بۆ ئۆکراینا بەشداربوونی راستەوخۆیە لە پێکدادانەکان"
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ: "رەوانەکردنی چەک بە تانکەوە لەلایەن ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپاوە بۆ ئۆکراینا، وەک بەشداربوونی راستەوخۆ لە پێکدادانەکان لێک دەدەینەوە".
دمیتری پێسکۆڤ لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا لەبارەی بڕیاری ژمارەیەک وڵاتی خۆرئاوا لەنێویاندا، ئەمریکا و ئەڵمانیا بۆ رەوانەکردنی تانک بۆ ئۆکراینا بۆ میدیاکاران دواو ڕایگەیاند، "هەموو جۆرە کارێکی (لەم جۆرەی) ناتۆ و ئەو وڵاتانە وەک بەشداربوونی راستەوخۆ لە پێکدادانەکان لێک دەدەینەوە".
گوتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ بە ئاماژەدا بەوەی کە ئەوان لەگەڵ ئەوەدانین رەوانەکردنی چەک و تانک لەلایەن ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپاوە بۆ ئۆکراینا بە واتای بەشداربوون لە پێکدادانەکان نێیەت، گوتی: "هەموو جۆرە کارێکی (لەم جۆرەی) ناتۆ و ئەو وڵاتانە وەک بەشداربوونی راستەوخۆ لە پێکدادانەکان لێک دەدەینەوە و چەندین جاریش جەختمان لەوە کردووە و ئەمە رەت دەکەینەوە".
ئەم قسانانەی پیسکۆڤ لە کاتیکدایە ، دوێنێ چوارشەممە راوێژکاری ئەڵمانیا، ئۆلاف شۆلتز رایگەیاند کە وڵاتەکەی ئەو پشتیوانییە سەربازییەی کە پێشکەش بە ئۆکراینای دەکات بەهێزتر دەکات و بڕیاریان داوە تانکی لیۆپارد-2 رەوانەی ئەو وڵاتە بکەن.
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن راگەیاندووە کە تانکی ئابرامس 31 بە ئۆکراینا دەدەن.
هاوکات ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپایش ئامادەیی خۆیان نیشانداوە، تانکی لیۆپارد-2 رەوانەی ئۆکراینا بکەن.