ئاژانسی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕێژەی بەدخۆراکی لە ئەفغانستان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بۆتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی بەرنامەی خۆراکی جیهانی هۆشداری لە بەرزبونەوەی ڕێژەی بەدخۆراکی دەدات لە نێوان منداڵ و دایکاندا لە ئەفغانستان
ئەمڕۆ پێنجشەممە وتەبێژێکی بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ڕێژەی بەدخۆراکی لە ئەفغانستان بەرزبۆتەوە بەهۆی ئەوەی زیاتر لە نیوەی ئەو وڵاتەی کە بە درێژایی ساڵ دوچاری کەمی خۆراک و بەرگەی برسێتی توند دەگرێت.
دەست بەسەرداگرتنی تاڵیبان لە مانگی ئابی 2021 بووە هۆی ئەوەی ملیۆنان کەس لەو وڵاتە دوچاری هەژاری و برسیەتی ببنەوە دوای ئەوەی یارمەتیە دەرەکییەکان بە نزیکەیی لە شەوێکدا وەستان.
فیلیپ کرۆپف، وتەبێژی ئاژانسی خۆراک لە کابۆل وتی: "نیوەی ئەفغانستان بە درێژایی ساڵ، بە بێ گوێدانە وەرز، بەرگەی برسێتی توند دەگرێت و ڕێژەی بەدخۆراکیش لە تۆمارێکی بەرزدایە ".
وتیشی،" حەوت ملیۆن منداڵ هەیە (لە خوار تەمەنی 5 ساڵ) لەگەڵ دایکیاندا کە توشی بەدخۆراکی بوون ، لە وڵاتێکدا کە ژمارەیان 40 ملیۆن کەسە".
ئەو وتی، ئەفغانیەکان لە ئێستادا لە برسا نامرن، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکیان نەماوە بۆ ئەوەی چیتر ڕوبەڕوی ئەو قەیرانە مرۆییە ببنەوە.
هاوکات، دەزگا نێودەوڵەتییەکان یارمەتییەکانی پشتگیری خۆراک و پەروەردە و تەندروستییان بۆ ئەفغانییەکان دابین کردووە، لەوانە هۆکارەکانی گەرمکردنەوەو، پارە بۆ سووتەمەنی و جلوبەرگی گەرم بەڵام پێدانی ئەم یارمەتییانە و کاری ڕێکخراوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە دوای بڕیاریکی تاڵیبان کە ڕێگری لە کارکردنی ژنان دەکات لە گروپە ناحکومییە نیشتیمانی و نێودەوڵەتییەکاندا، ئەمەش بووەتە هۆی توڕەی بەشێکی زۆر لەو دەزگا و ڕێکخراوانەو بەشێکییان تەواوی کارەکانیان لەو وڵاتە ڕاگرتووە.