بایدن لە ساڵیادی لەشكرکێشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا گەشتێک بۆ ئەوروپا ئەنجام ئەدات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوو بەرپرسی باڵای ئیدارەی بایدن ڕایانگەیاندووە بڕیارە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، لە سەروبەندی ساڵیادی لەشکرکێشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا گەشتێک بۆ وڵاتانی ئەوروپا بکات، بەڵام هێشتا هیچ پشتڕاست نەکراوەتەوە.
بەپێی وتەی یەکێک لەو بەرپرسانەی باسی لەگەشتەکەی سەرۆکی ئەمریکا کردووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، یەکێک لەو وڵاتانەی کە دەکرێت جۆ بایدن سەردانی بکات پۆڵەنەدایە کە یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکیەکانی ناتۆ و وەک ناوەندێکی سەرەکی گواستنەوەی چەک وکەرەستەی سەربازی بۆ ئۆکرانیایە.
هاوکات ئەو بەرپرسەی ئیدارەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە تا ئێستا هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی و وردەکاریەک لە بارەی گەشتەکەوە نەخراوەتە ڕوو، لەبارەی سەردانیکردنی جۆ بایدن بۆ ئۆکرانیاش ئاماژەی بەوەداوە کە بەدوری نازانێت لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا سەردانی ئۆکرانیا بکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە، کە یاریدەدەرانی بایدن چەند هەفتەیەکە پلان دادەنێن بۆ چۆنیەتی ئامادەکاریەکانی ساڵیادی لەشکرکێشی وداگیرکاری ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا، کە بەپێی زانیاریەکان دەکرێت بایدن لەو یادەدا وتارێک پێشکەش بکات.
هاوکات بڕیاریشە لە مانگی داهاتوودا کامالا هاریس، جێگیری سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ئەوروپا بکات و لە کۆنفرانسی ئاشتی میونشن لە ئەڵمانیا بەشدار بێت، بەپێی زانیاریەکانیش تەوەری سەرەکی گفتوگۆی سەرکردەکانی جیهان لە کۆنفرانسەکە جەنگی داگیرکاری سەر ئۆکرانیایە.