ئەمریکا زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران رەت دەکاتەوە
ئەمریکا: سورین لەسەر رێگریی لە ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی
جۆن کیربی، وتەبێژ و رێکخەری پەیوەندییەکانی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا
2 ساڵ لەمەوپێش
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی رایگەیاند؛ هیچ گۆڕانکاری و پێشکەوتنێک لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران روی نەداوە و سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت رێگایەی دیکە دژی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی تاران بگیرێتەبەر.
جۆن کیربی، وتەبێژ و رێکخەری پەیوەندییەکانی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا بە گۆڤاری (نیوزویک)ی راگەیاندوە؛ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا هیچ چاوەڕوانییەکی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 نەماوە و دەیەوێت هەنگاوێکی بەدیل بگرێتەبەر بەرامبەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران.
کیربی جەختی لەوە کردوەتەوە؛ ئەمریکا بە هیچ شێویەک لە ئێستادا کار بۆ زیندوکردنەوە یان چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی ناکات بەڵام واشنتۆن بۆ رێگریی لە ئێران بە ئامانجی گەیشتن بە چەکی ئەتۆمیی هەمو هەوڵێک دەدات.
رێکخەری پەیوەندییەکانی ئاسایشی نیشتیمانیی لە کۆشکی سپی وتوشیەتی: جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بڕوای وایە لە رێگەی دیپلۆماسی و هەنگاوی ئاشتیانە ریگریی لە ئێران بکرێت بۆ گەیشتن بە چەکی ئەتۆمیی بەڵام هاوکات جەختی لەوە کردوەتەوە لە ئەگەری شکستی هەنگاوی ئاشتیانە ئەوا واشنتۆن توانای هەیە بە شێوازی دیکە رێگریی لە تاران بکات.
لە لایەکی دیکەوە گۆڤاری نیوزویک لە زاری ئەمیرسەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوەیەکگرتوەکان بڵاوی کردوەتەوە کە تاران ئامادە بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی و تەنها مەرجی سەرەکیشی نەمانی سزا و گەمارۆکانە لەسەر ئێران.
زیاتر لە دوو مانگە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئامانجی ئێستای ئیدارەی وڵاتەکەیان پشتیوانییە لە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران و هیچ هەنگاوێکیان بۆ زیندوکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی نەناوە بەڵام میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتی ئێران باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا بە بەردەوامی پەیام ئاڕاستەی تاران دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان بە ئامانجی چالاک کردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی.
پێشبینیی دەکرێت بە جەختکردنەوەی ئەمریکا لە جێگرەوەی رێککەوتنی ئەتۆمیی جارێکی دیکە پێگەی نێودەوڵەتیی ئێران لاوازتر بێت بە تایبەت کە پێشتر رۆژنامەی واشنتۆن پۆست و نیویۆرک تایمز بڵاویان کردبوەوە کە کۆشکی سپی بەرپرسانی ئاسایشی و سەربازیی وڵاتەکەی راسپاردوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردەی سەربازیی دژی وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران.