بۆریس جۆنسۆن: پۆتین هەڕەشەی هێرشی موشەکی لێکردم
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری بریتانیا لە فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریی BBCیدا رایگەیاندوە، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی روسیا بە جۆرێک "هەڕەشەی لێکردوە" پێش ئەوەی ئۆکرانیا داگیر بکات، پێی وتوە "بە موشەک، خولەکێک دەخایەنێت".
لە فیلمە دۆکیۆمێنتارییە سێ بەشییەکەی BBCدا، جۆنسن پەیوەندییە "زۆر درێژخایەن" و "نائاساییەکەی" لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا دوای سەردانەکەی بۆ کیێڤ لە سەرەتای مانگی شوباتی 2022 دەگێڕێتەوە.
جۆنسن وتی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا پوتینی ئاگادار کردۆتەوە کە داگیرکردنی ئۆکرانیا دەبێتە هۆی زیاترکردنی سزاکانی ڕۆژئاوا وبڵاوکردنەوەی هێزی زیاتری ناتۆ لەسەر سنوورەکانی ڕووسیا.
هەروەها هەوڵیداوە بە پۆتین بڵێت کە ئۆکرانیا ناچێتە پاڵ ناتۆوە" بۆ داهاتوویەکی پێشبینیکراو".
بەڵام جۆنسۆن گوتی: لە خاڵێکدا هەڕەشەی لێکردم و گوتی: "بۆریس نامەوێت ئازارت بدەم بەڵام، بە مووشەک تەنیا خولەکێک دەخایەنێت" .
فیلمە دیکۆمێنتارییەکە باس لە پەرەسەندنی ناكۆكی و دابەشبون لە نێوان سەرکردەی وڵاتانی رۆژئاوا و روسیا دەکات لە ساڵانی پێش داگیرکردنی ئۆکرانیا.
هەروەها لەو دۆکیۆمێنتاریەدا، ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا باس لەوەدەکات کە چۆن توڕە بوە لە هەڵوێستی رۆژئاواییەکان لەوکاتەدا و دەڵێت، "ئەگەر دەزانن سبەی روسیا هێرشی داگیرکەری بۆ سهر ئۆکرانیا دهستپێدەکات، بۆچی شتێکم پێنادەن کە بتوانم پێی بوەستێنم؟، ئەگەر ناتوانن بیدەن بە من، ئەوا وازی لێبهێنن".