سەرۆکوەزیرانی دانیمارک بە سەردانێک گەیشتە ئۆکرانیا و سەربازە بریندارەکانیان بەسەرکردەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
میتی فرێدریکسن، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک بە سەردانیک گەیشتە ئۆکرانیا و لە شاری میکۆلایڤ لە باشوری ئۆکرانیا لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەردانی ئەو سەربازانەیان کرد کە لە جەنگی ئۆکرانیا برینداربوون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان.
لە چوارچێوەی سەردانەکەی ئەمڕۆی سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، بە یاوەری بەرپرسانی ئۆکرانیا و نوێنەرایەتی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەردانی ناوچە ڕوخاو و زیانلیکەوتووەکانی شاری میکۆلایڤ کرا، لە نێویاندا بینایەکی نیشتەجێی سەربازەکان کە تێیدا ٣٧ سەرباز بەهۆی هیرشێکی موشەکی ڕوسیاوە کوژران، هاوکات سەردانی نەخۆشخانەی تایبەت بە سەربازە بریندارەکانی ئۆکرانیاش لە شاری میکۆلایڤ کرا.
لە میانەی سەردانەکەدا، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا و زیانەکانی کە بەر شارەکە کەوتووە دوپاتکردەوە و لە بەرەوپێشچوون و دۆخی شارەکەش ئاگادارکرایەوە لەلایەن سەرۆکی ئۆکرانیاوە.
هەروەها ڤۆلۆدیمێر زێلنسکی، لە پەیامێکیدا کە لە ئەپی تێلێگرام بڵاویکردۆتەوە لەبارەی پڕۆسەی چاکبوونەوەی سەربازکانەوە ڕایگەیاند، " گرنگە نەک تەنها بایەخ بە چاکبوونەوەی جەستەیی سەربازەکان بدەین، بەڵکو پێیوستە بایەخ بە چاکبوونەوەی باری دەرونیشیان بدەین".
هاوکات لە پەیامەکەیدا زیلێنسکی، سوپاسی هەموو ئەو کارمەندە پزیشکیانەی کرد کە گرنگی بە چاکبوونەوەی سەربازەکان دەدەن و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆخواستن.
ئامانج لەسەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، پاڵپشتی بوژاندنەوەی شارەکە وئاگاداربوون بوو لە دۆخی میکۆلایڤ، هاوکات ئەم سەردانەی میتی فرێدریکسن لەکاتێکدایە کە ئۆکرانیا لەگەڵ روسیا پێدەنێتە ٣٤١ ڕۆژی جەنگەکەی نێوانیان و پێشبینیش دەکرێت جەنگەکە لە وەرزی بەهاردا قوڵتر ببێتەوە و قوربانیەکی زیاتری لێبکەوێتەوە، بەپێی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا.