پۆڵەندا بەهۆی مەترسی جەنگی ئۆکرانیا، بودجەی سەربازی وڵاتەکەی زیاد دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پۆڵەندا لەژیر کاریگەری و گۆڕانکاریەکانی جەنگی ئۆکرانیادا، بڕیاریدا خەرجی سەربازی لە داهاتی ناوخۆ لە ٢.٥٪ بۆ ٤٪ بەرز بکاتەوە.
ماتیۆس مۆراویسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا ڕایگەیاند، جەنگی ئۆکرانیا وامان لێدەکات زووتر وخێراتر خۆمان چەکدار بکەین، هەربۆیە لە هەوڵێکی بێ وێنەدا لە داهاتی ناوخۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٤ خەرجی سەربازی بەرزدەکەینەوە بۆ ٤٪.
هەروەها ماتیۆس مۆراویسکی ئاماژەی بەوەشدا، بەرزکردنەوەی خەرجیە سەربازیەکانی پۆڵەنەدا بەوڕێژەیە، بەو مانایە دێت بەرزترین ڕێژەیە لەناو وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا کە لەبەرامبەر جەنگی ئۆکرانیا بەرزکرابێتەوە.
هاوکات لەماوەی هەفتەی ڕابردووشدا، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا داوای لە ئەڵمانیا کردبوو ڕێگە بەوڵاتەکەی بدات کە تانکی جەنگی لێۆپارد ٢ بداتە ئۆکرانیا، پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە ١١٦ تانکی ئەبرامز لە ئەمریکا دەکڕێت و لە وەرزی بەهاریشدا یەکەم کاروانی ناردنی تانکەکان دەست پێدەکات.
لەسەرەتای لەشکرکێشی ڕوسیاوە بۆسەر ئۆکرانیا، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و سەرجەم وڵاتانی دیکە بودجەی سەربازیان بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزکردەوە، بەجۆرێک وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەندام لەناتۆ بودجەی سەربازیان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ بەبڕی ٢.٥٪ بەرزکردەوە، هەروەها وڵاتێکی وەک فەڕەنساش بۆ حەوت ساڵی داهاتوو بودجەی سەربازی وڵاتەکەی لە ٢٩٥ ملیار یۆرۆوە بۆ ٤١٣ ملیار بەرزکردەوە.
هاوکات هەریەک لە وڵاتانی فینلەندا وسوید داوای بوون بە ئەندامیان لە ناتۆ بەرزکردەوە گەرچی تا ئێستا ئەو دوو وڵاتە لە ناکۆکیەکی وقوڵدان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام بۆ بەدەستهێنانی دەنگەکانیان بەتایبەت وڵاتی تورکیا.