خوشکەکەی سەرۆکی کۆریای باکور ئیدانەی ناردنی تانکی ئەمریکی دەکات بۆ ئۆکرانیا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
خوشکەکەی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور ئیدانەی ناردنی تانکی " ئێم ١ ئەبرامز"ی ئەمریکی دەکات بۆ ئۆکرانیا، هەروەها ئاماژە بەوەدەکات ئەوە " بەزاندنی هێڵی سورە" لە لایەن ئەمریکاوە.
کیم یۆ جۆنگ، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هاوکاریانەی ئەمریکا و ڕۆژئاوا پەرەدانە بەو جەنگەی کە بە پلان بۆ لەناوبردنی مۆسکۆ داڕیژراوە، هەروەها جەختیشی لە قوڵبوونەوەی هاوپەیمانێتی نێوان کۆریای باکور وڕوسیا کردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕایگەیاند کە لەبەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەوەستێتەوە لەسەر بەهێزکردنی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی وموشەکی وڵاتەکەی.
هاوکات کیم یۆ جۆنگ لە بەیاننامەیەکدا، کە یەکەم لێدوانی گشتی بوو لە چەند مانگێکی ڕابردوودا وتی: نیگەرانی جددی دەردەبڕم لە پەرەسەندنی دۆخی جەنگ لەلایەن ئەمریکاوە بە دابینکردنی کاڵای سەربازی بۆ ئۆکرانیا بۆ هێرشی زەمینی، هەروەها وتیشی ئەمریکا تاوانبارێکی سەرەکیە کە هەڕەشە و تەحەدای جددی لەسەر ئاسایشی ستراتیژی ڕوسیا دروست ئەکات و ناوچەکە دەخاتە دۆخێکی ئاڵۆزەوە، هاوکاریەکانی ڕۆژئاواشی بە ویستی فراوانخوازی وبەفراوانکردنی هەژمونی ڕۆژئاوا لەقەڵەم دا.
کۆریای باکور و سوریا دوای ڕوسیا تاکە وڵاتن تاوەکو ئێستا دانیان بە هەردوو هەرێمی دابڕاو وسەربەخۆیی لۆهانسک ودۆنێتیسکدا نابێت، هاوکات کۆریای باکور ئامادەیی خۆشی دەربڕیوە بۆ ئاوەدانکردنەوەیان.
ئەم لێدوانانەی کۆریای باکور و تۆمەتبارکردنی ئەمریکا لەکاتێکدایە، کە ئەمریکا کۆریای باکوری بە ناردنی تەقەمەنی وتۆپخانە بۆ ڕوسیا لە جەنگی دژی ئۆکرانیادا تۆمەتبارکردبوو، بەڵام کۆریای باکور هئەو بانگەشانەی ڕەتکردۆتەوە.
هاوکات ئەم لێدوانانەی کیم یۆ جۆنگ، دوای ئەوە هات کە ئەمریکا بڕیاری ناردنی تانکی ئێم ١ ئەبرامز وئەڵمانیاش تانکی لیۆپارد ٢ ی بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد لە پاڵپشتی ئۆکرانیا دژی لەشكرکێشی ڕوسیا.