ئەمریکا: هەوڵ دەدەین دەنگی ناڕەزایەتییەکانی ناو ئێران بگاتە جیهان
ئەمریکا: ئەزمونی ناخۆشمان لەگەڵ گۆڕینی رژێمەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە
رۆبەرت مەڵی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران
2 ساڵ لەمەوپێش
بەرپرسێکی ئەمریکا رایگەیاند ئیدارەی وڵاتەکە بەدوای گۆڕینی رژێمی ئێرانەوە نییە چونکە ئەزمونی خراپی گوڕینی رژێمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوە.
رۆبەرت مەڵی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لە تەلەفیزیۆنی (بی بی سی) راگەیاندوە؛ دەبێت پشتگیریی خەڵکی ئێران بکرێت بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان بەڵام واشنتۆن بەدوای ئەوەوە نییە رژێمی ئەو وڵاتە بگۆڕێت.
مەڵی لەو چاوپێکەوتنەدا وتویەتی: ئەمریکا دەبێت کارێک بکات کە هەمو جیهان دەنگی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران ببیستێت و پێویستە بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوی دڵنیاکەرەوە بنێت.
ئەو وتوشیەتی: ئەمریکا هەوڵی گۆڕینی رژێمی ئێران نادات چونکە ئەزمونی ناخۆشی لەگەڵ گۆڕینی رژێمەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.
لێدوانی مەڵی لە کاتێکدایە، رۆژی رابردو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند؛ جگە لە هەوڵە سیاسییەکان بژاردەی سەربازیی لەسەر مێزە بەرامبەر دەسەڵاتی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
مەڵی کە بۆ ماوەی سێ ساڵە وەک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لەو پۆستەدایە لێدوانەکانی لە رابردودا و بە تایبەت دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان، نیگەرانیی چالاکوانانی کورد و ئێرانی لێکەوتوەتەوە.