١٨ کورد لە مانگێکدا لە ئێران لەسێدارە دراون
زۆرینەیان بە بێ ئاگاداریی کەسوکاریان لەسێدارە دراون
2 ساڵ لەمەوپێش
لە یەک مانگدا 18 کەسی کورد لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دارون و زۆربەیان بە بێ ئاگادرایی کەسوکاریان سزاکەیان جێبەجێ کراوە.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویان کردوە؛ تەنها لە مانگی رابردودا ناسنامەی 17 زیندانیی ئاشکرابوە کە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێکراوە و پرۆسەی جێبەجێکردنی سێدارەکانیش بە نهێنیی بوە.
ئەو 17 کەسە سەرجەمیان کوردبون و بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و بازرگانیی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دراوەن.
ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بەوە کردوە؛ بە لەسێدارەدانی مەهدی کەرەمی کە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکرابو لە مانگی کانوی دوەمەدا بە گشتی 18 کورد لەسێدارە دراون کە دەکاتە زیاتر 30٪ی سەرجەم لەسێدارەدراوانی ئێران لەو مانگەدا.
ئەو ناوەند ئاشکرای کردوە؛ زۆربەی سزاکانی سێدارەی ئەو کەسانە لە زیندانەکانی دەرەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەرەج و ئەراک و بەندەرعەباس جێبەجێ کراوە.
لە ئامارەکانی ساڵی رابردوی لەسێدارەدارونی زیندانەکانی ئێران دەرکەوتوە 52 هاوڵاتیی کورد لە ساڵی 2022 لەسێدارە دراون کە ژمارەیەکیان بەهۆی تۆمەتی سیاییەوە بوە.