پرسیارو گومانەكانی پەیوەست بەسەردانەكەی بارزانی بۆ ئەنقەرە

2 ساڵ لەمەوپێش



ئارام رەفعەت

رۆژی ٢٦ی ١ی ٢٠٢٣، نێچیرڤان بارزانی لەسەردانێكی پێشتر رانەگەینراودا سەردانی ئەنقەرەی كردو چاوی بەڕەجەب ئەردۆغان كەوت. ئەم سەردانە كۆمەڵێك پرسیارو گومانی بەدوایخۆیدا هێنا كەزۆربەیان پەیوەستن بەتەوقیت و پرۆتۆكۆلی سەردانەكەو پەیوەندییە نادیارەكانی نێوان بنەماڵەی بارزانی و ئەردۆغان. تەوقیتی سەردانەكە بۆ زۆرێك لەچاودێرانی دۆخی توركیا جێگای نیگەرانی و گومان بوو، بەتایبەتیش ئەوانەی كە راستەوخۆ لەململانێدان لەگەڵ رژێمەكەی ئەردۆغاندا، لەوانەش كوردەكانی باكور و ئۆپۆزسیۆنی توركی. هۆكاری ئەم نئگەرانییە لەوە سەرچاوە دەگرێت كە ئەم سەردانەی بارزانی تەنها چەند مانگێك پێش هەڵبژاردنە گشتییەكانی توركیا دێت.

لەمانگی ئایاری ئەمساڵدا، واتە تەنها سێ مانگ پێش سەردانەكەی بارزانی، هەڵبژاردنە گشتییەكانی توركیا و هەڵبژاردنی سەرەك كۆمار ئەنجامدەدرێت. لەم هەڵبژاردنەدا ئەردۆغان و هاوپەیمانێتییەكەی، هاوپەیمانێتی گەل، كە لەئاكەپەو مەهەپە و هەندێك وردە حزبی تری نەتەوەپەرست پێكهاتووە لەدۆخێكی خراپدان. دۆخێك كە لە ٢٠ ساڵی رابردووی حوكمڕانی ئەردۆغان و حزبەكەیدا ئەزموونی نەكردووە لەهیچ هەڵبژاردنێكدا بەقەد ئەم هەڵبژاردنە ئەردۆغان و حزبەكەی مەترسی لەدەستدانی دەسەڵاتیان لەسەر نەبووە. بۆ یەكەم جارە لەزۆرینەی راپرسییەكاندا دوای هاوپەیمانێتییەكەی ئەردۆغان لەدواوەی هاوپەیمانێتی نەتەوەییدایە، كە پارتی جەهەپەی كەمال كلیچدارئۆغڵو سەرۆكایەتی دەكات. مەترسی لەدۆڕان، وایكردووە كە ئەردۆغان دەست بۆ هەموو كارتێك بەرێت تا لەم شكستە چاوەڕوانكراوە رزگاری بێت و هەوڵیش بدات دەست بۆ چاككردنەوەی هەموو ئەو پردانەش ببات كە لەچەندساڵی رابردوو لەلوتكەی غرورو دەسەڵاتیدا رووخاندبوونی، هەر لەهەوڵی ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكی و ئیسرائیل و سوریا تادەگاتە هاوپەیمانیكردن لەگەڵ رێكخراوێكی بچكۆلەی وەك هودا-پار، كۆنە حزبوڵلای توركی.

هاوپەیمانێتی ئەردۆغان لەگەڵ حزبوڵای توركی (هودا-پار) نموونەیەكی زەقی بێئومێدیی و ترسی ئەردۆغانە لەو هەڵبژاردنەدا، ئەگەر ئەوە لەبەرچاوبگرین كە لەهەڵبژاردنی ٢٠١٨دا ئاكەپە زیاتر لە ٢١ ملیۆن دەنگی هێنا لەكاتێكدا هودا-پار تەنها ١٧٠ هەزار دەنگی بەدەستهێنا. ئومێد هەڵچنین لەسەر دەنگەكانی هودا-پار ئاماژەیەكی زەقی بێهوودەیی ئەردۆغان و ترسی شكستییەتی لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوودا. بۆ زۆرێك لەچاودێرانی كوردو تورك، پەرچەكردارەكانی هەریەك لەكوردانی باكورو لایەنگرانی هاوپەیمانی نەتەوەیی دەرهەق بەپێشوازیكردنی ئەردۆغان لەهەمان روانگەوە بووە و پێیان وایە كە ئەم پێشوازییە لەم كاتەدا، جگە لەهەوڵێكی نەزۆكانەی ئەردۆغانە بۆ بەدەستهێنانی هەندێك لەدەنگی كورد هیچی تر نییە. نیگەرانییەكان هەر لەچوارچێوەی تەوقیت و گومان و نیگەرانییە پەیوەستەكان بەكاتی سەردانەكە قەتیس نابن.

پرۆتۆكۆڵی سەردانەكەو شێوازی پێشوازیكردنی بارزانیش هۆكارێكی تری نیگەرانی و گومانەكانە. ئەردۆغان لەسایتی فەرمی خۆیدا تەنها بەڕستەیەك باسی سەردانەكەی بارزانی كردووەو لەم دێڕەشیدا، ماكیاڤیلییانە پێگەی نێچیرڤان بارزانی وێنا دەكات. بەهەردوو زمانی توركی و ئینگلیزی كەتوركەكان موتابەعەی دەكەن، بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردی باكوری عێراق ناسێنراوە. بەڵام لەبەشە عەرەبییەكەیدا، كەزیاتر بۆ كڕینەوەی ئاوی رووی بارزانییەو میدیاكانی پارتی وەك سەرچاوە وەریدەگرن، بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ناسێنراوە. گرفتەكە هەر لێرەدا نییە، پرۆتۆكۆلی پێشوازیكردن، كە ئاڵا سیمبۆل و رەگەزێكی سەرەكییە، پێگەی هەرێمی كوردستان نە هەرێمی باكوری عێراقە و نە هەرێمی كوردستانی عێراقە، بەڵكو ستاتۆیەكی دان پێدانەنراوو ناشەرعی هەیە لەڕوانگەی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، كەئەردۆغان نوێنەرایەتی دەكات. لەدیدارەكەدا، جگە ئاڵاكانی توركیا، هیچ ئاڵایەكی تر، نەهی هەرێمی كوردستان و نە عێراق نابینرێن. ئەم روانگەیەی ئەردۆغان، بۆ پێگەی هەرێمی كوردستان و بۆ پێگەی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم، پێ دەكێشێتە سەر نیگەرانییەكی تر، ئەویش ماهییەتی هەرجۆرە رێككەوتنێكە لەگەڵ ئەردۆغانداو متمانەكردن بەڕژێمێك كە ئامادەنییە نە هەرێم و نە سەرۆكەكەی كە پێشوازی لێكردووە، وەك خۆی بناسێت و دانی پێدابنێت. بەتایبەتی كە ئەم روانگەیە، كە روانگەی فەرمی دەوڵەتی توركیاو دیدگای زاڵی كۆمەڵگای توركیشە.

یەكێك لەو مەلەفانەی كە لەتەرەفی سەرۆكایەتی هەرێم و میدیاكانی نزیك لەنێچیرڤان بارزانی ئاماژەی پێدەدرێت پرسی هەناردەكردنی غازی هەرێمە. هەڵبەت، سەردانەكەی بارزانی راستەوخۆ دوای سەردانی مەكگۆرك بۆ كوردستان هات كە تێیدا چاوی بەنێچیرڤان بارزانیش كەوتوبوو و چاودێران پێیان وابوو یەكێك لەو دۆسییانەی كە مەكگۆرك لەگەڵ بارزانیدا باسی كردبوو، پرسی هەناردەكردنی غازی هەرێم بوو.

لەڕوونكردنەوەی نووسینگەی بارزانیشدا هاتبوو، كە ناردنی غاز یەكێك بووە لەو دۆسییانەی كە لەگەڵ ئەردۆغاندا باسكراوە. بەمانایەكی تر، لەپاڵ پرسی هەڵبژاردنەكان و ئیستیغلالكردنی سەردانی بارزانی بۆ راكێشانی دەنگی هەندێك كورد، هێنانەپێشەوەی مەلەفی غاز لەم كاتەدا بۆ ئەردۆغان دیارییەكی بێهاوتایە. هەر جۆرە هەواڵێكی لەو جۆرەی پەیوەست بەپرسی نەوت و غاز، جا لەگەڵ هەر كارەكتەرێكی ناوچەكە بێت، كاریگەری راستەوخۆو پۆزەتیڤانەی لەسەر سەقامگیری دراوی توركی هەیە. بەڵام پرسیارو نیگەرانییە هەرە گەورەكە ئەوەیە كە بەتەرەفكردنی توركەكان لەپرسی غازی هەرێم چ سوودێكی بۆ كۆمەڵگای باشوور هەیە؟ نیگەرانییە گەورەكە ئەوە نییە كەئەردۆغان لەحاڵی حازردا لەدۆخێكدایە كەنزیكە لەدۆخی كاربەڕێكەرو هیچ گەرەنتییەك نییە كە لەحاڵەتی شكستی ئەردۆغان لەهەڵبژاردنەكانی ئایاردا، رژێمی داهاتووی تورك پابەندبێت بەو رێككەوتنە یان نا، بەڵكو نیگەرانییە سەرەكییەكە ئەوەیە، رێككەوتنی هەرێم لەگەڵ توركیا، لەسەر مەلەفی نەوت، چەندە سوودی بۆ كۆمەڵگای باشور هەبووە و چەندە شەفاف و هاوسەنگە، تا مەلەف و پرسێكی تریشی بۆ ئیزافە بكەین، كە پرسی رێككەوتنە لەسەر پرسی غاز. ئەوەی ئەم نیگەرانییە زیاتر دەكات ئەوەیە، بارزانی بەچ سیفەتێك و بەنوێنەرایەتی كێ و دوای پرس و راو راسپاردەی كێ ئامادەی ئەم رێككەوتنەیە لەگەڵ ئەردۆغاندا؟ ئەوەندەی لەمیدیاو راگەیاندنی لایەنەكانەوە دەردەكەوێت، نێچیرڤان بارزانی بێ پرس و گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و حزبە هاوپەیمانەكانی ئەم مەلەفەی لەگەڵ خۆی بردووەتە توركیا. نەبوونی سیستەمی «چێك و بالانس»، بەتایبەتی موئەسەسەیەك، لەبابەتی پەرلەمان یان ئەنجوومەنی پیران بۆ چاودێریكردن و لێپرسینەوە لەسەرۆكی هەرێم، وەڵامی هەموو ئەو پرسیارو گومانانە ئاڵۆزترو قورستر دەكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار