پنتاگۆن: باڵۆنێکی سیخوڕی چینی بەسەر ئاسمانی ئەمریکادا دەسوڕێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پنتاگۆن ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە بەدواداچوون بۆ باڵۆنێکی سیخوڕی چینی دەکات کە لەبەرزاییەکی زۆرەوە بەسەر ئەمریکادا دەفڕێت، هاوکات ئاماژەشیان بەوەکردووە لەبەر مەترسی هاوڵاتیانی ئەمریکی تا ئێستا بڕیاریان نەداوە ئەو باڵۆنە بخەنە خوارەوە.
بەرپرسێکی باڵای بەرگری ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، لەسەر داوای جۆ بایدن، وەزیری بەرگری لۆید ئۆستین و بەرپرسانی باڵای سەربازی پلانیان داناوە کە ئەو باڵۆنە چینیە کە بەسەر ئاسمانی ئەمریکادا دەسوڕێتەوە بخەنە خوارەوە بەڵام بڕیاریانداوە کە ئەو کارە نەکەن لە ئێستادا چونکە خەڵک زۆر لەسەر زەوی دەخاتە مەترسییەوە.
ئەو بەرپرسەی بەرگری ئەمریکا لەبارەی باڵۆنەکەوە وتیشی کە "بەڕوونی مەبەستی ئەم باڵۆنە بۆ چاودێریکردنە"، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە باڵۆنەکە بەسەر باکووری ڕۆژئاوای ئەمریکادا فڕیوە کە بنکەی ئاسمانی هەستیار و مووشەکی ئەتۆمی لە سایلۆکانی ژێر زەویدا هەیە، بەڵام پنتاگۆن پێیوا نەبووە کە هەڕەشەیەکی هەواڵگریی مەترسیدار بۆسەر ئەمریکا درووست بکات.
هەر لەبارەی ئەو باڵۆنەوە بەرپرسەکەی بەرگری ئەمریکا وتیشی، ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەین کە ئەم باڵۆنە تا چەند ئەگەری مەترسی هەیە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری،هەروەها ئەوەشی خستۆتە ڕوو کە باڵۆنەکە یەک دوو ڕۆژ لەمەوبەر چووەتە ناو ئاسمانی ئەمریکاوە، بەڵام هەواڵگری ئەمریکا زۆر پێش ئەوە بەدواداچوونی بۆ کردووە.
کیڤن مەکارتیش، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، بایەخ نەدان بە بێڕێزیکردن بەسەروەری ئەمریکا لەلایەن چینەوە کردەوەیەکی ناسەقامگیرکەرانە دەبێت ودەبێت چارەسەربکرێت، هەروەها وتیشی سەرۆک بایدن ناتوانێت لەوە بێدەنگ بێت.
هاوکات پات ڕایدەر وتەبێژی پنتاگۆن پشتڕاستی کردەوە کە باڵۆنەکە هێشتا بەسەر ئاسمانی ئەمریکادا دەسوڕێتەوە ولەژێر چاودێریدایە، باسیشی لەوەکرد کە هیچ مەترسیەک بۆ دانیشتوانی سەرزەوی درووست ناکات، وتیشی داواکاری لە پەکین کراوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەوپرسە.
وەزیری دەرەوەی چینیش ڕایگەیاند ئەو باڵۆنە بەمەبەستی سیخوڕیکردن نێردرابیتە ئاسمانی ئەمریکا و وتی تەنها بەمەبەستی گەڕان وبەدواداچوونەکانی کەشوهەوابووە بەڵام لە ڕێڕەوەکەی خۆی لایداوە.
فڕینی ئەو باڵۆنە چینیە بەسەر ئاسمانی ئەمریکادا لەکاتێکدایە کە گرژیەکانی نێوان چین و ئەمریکا لەسەر پرسی تایوان زیاتر پەرەی سەندووە، بەتایبەت دوای ئەوەی کە گرژییەکان لەسەر تایوان ساڵی ڕابردوو گەیشتە دۆخێکی ئاڵۆز کاتێک نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەوکاتەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەردانی تایوانی کرد.
لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی بەرگری کەنەدا ڕایگەیاند کە لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامن لەسەر چاودێریکردنی ئەو باڵۆنە و وتیشی هاوڵاتیانی کەنەدا پارێزراون لەهەرمەترسیەک.
هاوکات دۆزینەوەی ئەم باڵۆنە چینیە لە ئاسمانی ئەمریکا تەنها چەند ڕۆژێک پێش سەردانێکی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ چین دێت، کە بۆ باسکردن لەسەر تاوتوێکردنی پرسی گرژیەکانی چین وئەمریکا بوو.