116 سەربازی ئۆکرانی و63 سەربازی ڕووسی بە ئاڵوگۆڕ ئازادکران
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئۆکرانیاو ڕوسیا نزیکەی 200 زیندانی جەنگیان لە ئاڵوگۆڕێکدا کە ڕۆژی شەممە بەجیا لەلایەن هەردوولاوە ئەنجامدرا ئازادکردو و تەرمی دوو خۆبەخشی بەریتانیش ڕەوانەی ئۆکرانیا کرایەوە.
ئاندری یرماک سەرۆکی ئەرکانی ئۆکرانیا گوتی 116 ئۆکرانی گەڕاونەتەوە، هاوکات ئاژانسە هەواڵییەکانی ڕوسیا ئاماژەیان بە وەداوە وەزارەتی بەرگری مۆسکۆ ئازادکردنی 63 ڕووسی ڕاگەیاندووە.
یرماک لە تێلیگرام نوسیویەتی: "ئێمە توانیمان 116 کەس لە گەلەکەمان ،بەرگریکارانی مەریوپۆل و پارتیزانەکانی خەرسەن و قەناسەکانی باخمووت و پاڵەوانەکانی دیکەی خۆمان بگەڕێنینەوە"
یرماک گوتیشی "لاشەی کارمەندانی خۆبەخشی بەریتانی ئەندرو باگشاو و کریس پاری نێردراون بۆ ئۆکرانیا" باگشاو و پاری لە کاتی هەوڵی چۆڵکردنی مرۆییدا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کوژران.
هاوکات وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند 63 سەربازی لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی زیندانی لەگەڵ ئۆکرانیا گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەوە.
بەپێی ئاژانسەکان وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕاشیگەیاندووە، ئەو هاوڵاتییە ڕووسییە ئازادکراوانە کەسانی "جۆری هەستیار" لەخۆدەگرێت، کە ئاڵوگۆڕەکەیان لە ڕێگەی نێوەندگیریی ئیمارات ئەنجامدراوە.
جێگەیباسە کۆتا ئاڵوگۆڕی زیندانیانی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە 31ی کانوونی یەکەمی 2022 ڕوویدا، کە تیایدا ڕووسیا 142 ئۆکرانی ئازاد کرد و ئۆکرانیاش 82 ڕووسی ئازاد کرد.
هاوکات لە مانگی کانوونی دووەم، تاتیانا مۆسکالکۆڤا، خانمی ئۆمبۆدی ڕووسی وتی کە گفتوگۆکان بۆ ئاڵوگۆڕی زیاتری زیندانیانی جەنگ بەردەوام دەبێت.