پاکستان بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە" پیرۆزیە ئاینیەکان" ماڵپەڕی ویکیپیدیای بلۆک کرد

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دامەزراوەی ویکیمیدیا ئەمڕۆ ڕایگەیاند، دەسەڵاتی  پەیوەندیەکانی پاکستان ویکیپیدیای لەو وڵاتە قەدەغەکردووە بە بیانووی هەبوونی " ناوەڕۆکی دژ بە پیرۆزیە ئاینیەکان"
ئەمڕۆ لە ڕاگەێندراوێکدا دامەزراوەی ویکیمیدیا کە ویکیپیدیا بەڕێوەدەبات ئاماژەی بەوەدا دەسەڵاتی پەیوەندیەکانی پاکستان ماڵپەڕی ویکیپیدیایی بەهۆی " ناوەڕۆکی دژە ئاینیی" داخستووە، هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە داوایان لە دەسەڵاتدارانی پاکستان کردووە ڕێگەبدەن هاوڵاتیان دەستیان بە ماڵپەڕەکە بگات.

 دامەزراوەی ویکیمیدیا وتیشی"هیوادارین حکومەتی پاکستان لەگەڵمان بێت لە پابەندبوون بە زانین وەک مافێکی مرۆڤ و دەستڕاگەیشتن بە پڕۆژەکانی ویکیپیدیا و ویکیمیدیا بە خێرایی بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی پاکستان بتوانن بەردەوام بن لە وەرگرتن و هاوبەشکردنی زانیاری لەگەڵ جیهاندا".

هەروەها هاوڵاتیانی پاکستان و داکۆکیکارانی ئازادی لە  پاکستان رەخنەیان لە بڕیارەکە گرت و بە " دواکەوتوانە " ناوزەندیان کرد، هاوکات باسیان لەوەشکرد ئەو بڕیارە جێگای شەرمەزاریە بۆ وڵاتەکە لە وێنەی جیهانیدا.
پاکستان لە ساڵی ٢٠١٢ تا ٢٠١٦ یوتیوبی بلۆک کرد دوای ئەوەی فیلمێکی لەسەر پێغەمبەر محەمەد تێدابڵاوبۆیەوە، کە بووە هۆی ناڕەزایەتی توندوتیژی لە سەرانسەری جیهانی موسڵمانان، لەگەڵ ئەوەشدا تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکیشی بەهەمان بیانووی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی دژە ئاینی بلۆک کرد، بەڵام دواتر بلۆکەکەی لەسەر لابردن.
هاوکات لەماوەی ساڵی ڕابردووشدا چەندین جار تیکتۆکیان لە وڵاتەکە قەدەغە کرد، ئەوەش بە بیانووی هەبوونی ناوەڕۆکی " ناشایستە" و " نا ئەخلاقی"..

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار