باڵۆنێکی دیکەی چینی بەسەر ئاسمانی ئەمریکای لاتیندا دەسوڕێتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 باڵۆنێکی دیکەی چینی بەسەر ئاسمانی ئەمریکای لاتیندا دەسوڕێتەوە وچینیش دانی پێداناوە کە ئەو باڵۆنە هی چینە  وبۆ لێکۆڵینەوە وگۆڕانکاریەکانی کەشووهەوا نێردراوە بەڵام لە ڕێڕەی خۆیان لایانداوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەمڕۆ دووشەممە لە وەڵامی پرسیارەکانی سی ئێن ئێنی ئەمریکادا ڕایگەیاند، ئەو باڵۆنەی کە  بەسەر ئاسمانی ئەمریکای لاتین بینراوە هی چینە و بۆ تاقیکردنەوەی فڕین بەکارهاتووە؛ ئەمەش یەکەمجارە پەکین دان بەوەدا بنێت کە ئەو باڵۆنەی بەسەر دوو وڵاتی ئەمریکای لاتین بینراوە سەر بە چینە.

ماو نینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین  لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئاساییدا ڕایگەیاند، باڵۆنەکە "بە جددی لایداوە" لە ڕێڕەوی پلان بۆ داڕێژراوی خۆی و "بە هەڵە" چوونەتە ئاسمانەکانی سەر ئەمریکای لاتین و کاریبی بەهۆی بارودۆخی کەشوهەوا و سنوورداربوونی توانای کۆنترۆڵکردنی باڵۆنەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “چین وڵاتێکی بەرپرسیارە،  ئێمە هەمیشە بە توندی پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بووین، هەروەها هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە و بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵەمان لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە، ئەمەش هیچ مەترسییەکی بۆ سەر هیچ وڵاتێک دروست نەکردووە”.

لەگەڵ ئەوەشدا هێزی ئاسمانی کۆڵۆمبیا و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی کۆستاریکا هەردووکیان پشتڕاستیان کردەوە کە هەفتەی ڕابردوو باڵۆنێکی چاودێری سپی هاوشێوەی ئەو باڵۆنەی کە بەسەر ئەمریکادا بینرابوو لە ئاسمانی خۆیاندا بەدواداچوونیان بۆ کراوە، هەرچەندە هۆکاری ئەو باڵۆنەیان بۆ چین نەگەڕاندەوە.

هاوکات ئەمە دووەم باڵۆنی چینیە کە پەکین بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەهۆی کەشوهەواوە لە ڕێڕەوی خۆی دوورکەوتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا ڕۆژی شەممە باڵۆنێکی سیخوڕی چینی گومانلێکراوی خستە خوارەوە کە بۆ چەند ڕۆژێک بەسەر کیشوەری ئەمریکادا فڕیبوو.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار