نەتەوە یەکگرتووەکان: بوومەلەرزەکە زیانی گەورەی بە تاکە دەروازەی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ سووریا گەیاندووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

گوتەبێژی ئاژانسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بوومەلەرزەکە مەترسی بۆ سەر گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان لە رێگەی سنوورەوە بۆ سووریا دروستکردووە، چونکە ستافی نەتەوە یەکگرتووەکان و شۆفێری بارهەڵگرەکانیش وەکو هەمووانی دیکە لە نێو داروپەردووەکاندا بەدوای ئەندامانی خێزانیان دەگەڕێن. 

یێنس لەیارک، گوتەبێژی ئاژانسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت،بوومەلەرزەکە "کاریگەریی تراژیدی لەسەر خەڵکێکی زۆر هەبووە، لەوانەش ستافەکەمان." هاوکات  داوای یارمەتی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و دەڵێت: "تکایە، ئەمە هیچی بە سیاسی مەکەن، با یارمەتییەکە بگەیێنینە دەستی خەڵکەکە کە زۆر پێویستیان پێیەتی.".

گوتەبێژەکەی ئاژانسی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە لەبارەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان، باشووری تورکیا و باکووری سووریاوە لە جنێڤ بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەوێ ناوچەی کارەساتە."

باسی لەوەشکرد، تاکە دەروازەی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ باکووری رۆژئاوای سووریا، دەروازەی بابلهەوایە لە نێوان ئیدلب و هاتای، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، بوومەلەرزە 7.8 پلەکەی رۆژی دووشەممە زیانی گەورەی بە رێگەوبان و ژێرخانی ناوچەکانی دەوروبەر گەیاندووە. 

نیگەرانییەکان بە دیاریکراوی لەبارەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە زیادبووندان، چونکە کارەساتە سرووشتییەکە لە کاتێکدایە ناوچەکە رووبەڕووی هەژاری، سەرماوسۆڵەی زستان، قەیرانی ئاوارە و پەتای کۆلێرا دەبێتەوە.  

بە تایبەت یەکێک لە نیگەرانییەکان چۆنیەتیی گەیاندنی یارمەتییە بە هەموو ئەوانەی کە لە سووریا پێویستیان پێیەتی. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار