ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند
سزاکانی ئەمریکا بۆ راگرتنی فرۆشی نەوتی ئێران توندتر دەبێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
ئەمریکا سزادانی نۆ کۆمپانیای سەر بە کۆماری ئیسلامی و چەند وڵاتێکی دیکەی راگەیاند کە نەوتی ئێرانیان لە بازاڕەکانی جیهاندا ساخ کردوەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد؛ نۆ کۆمپانیای تایبەت بە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی سزا داوە کە بە بێ پابەندبون بە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، نەوتی ئێرانیان لە بازاڕەکانی جیهان فرۆشتوە.
لە بەیاننامەکەدا ناوی شەش کۆمپانیای بەرهەمهێنی بەرهەمە پتڕۆکیمیاییەکانی ناوخۆی ئێران و سێ کۆمپانیای وڵاتانی سەنگاپورا و مالیزیا هاتوە کە بە هۆی ساخکردنەوەی نەوتی ئێران کەوتونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکا.
نوسینگەی چاودێریی داهاتە بیانییەکان لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (OFAC) رونی کردوەتەوە؛ ئەو نۆ کۆمپانیایە ئاسانکارییان کردوە بۆ ئەوەی نەوت و بەرهەمە پتڕۆکیمیاییەکانی کۆمپانیای نیشتیمانی ئێران لە بازاڕەکانی جیهان ساخ کردوەتەوە لە کاتێکدا نەوتی ئەو وڵاتە گەمارۆی نێودەوڵەتیی لەسەرە.
ئاماژە بەوە کراوە لە ماوەی رابردودا کۆماری ئیسلامی بۆ ساخکردنەوەی نەوت و بەرهەمە پتڕۆ کیمیاییەکانی، پەنای بۆ فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا هێناوە و بەشێوەیەکی بەرچاو فرۆشی نایاسایی بەرز کردوەتەوە.
ئەمریکا پێشتریش هۆشداریی دابوە وڵاتی چین کە نابێت نەوت لە ئێران بکڕێت لە کاتێکدا تەنها چین رۆژانە 850 هەزار بەرمیل نەوت لە ئێران دەکڕێت.
نزیکەی دو هەفتەیە بەرپرسانی ئەمریکا جەخت لەوە دەکەنەوە کە فرۆشتنی نەوتی ئێران بۆ سفر کەم دەکەنەوە و رێگە نادەن ئەو وڵاتە نەوتەکەی لە بازاڕەکانی جیهاندا ساخ بکاتەوە.