ئەڵمانیا: 160 سیخوڕی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەمان دەستگیرکراون
ئەڵمانیا: کۆماری ئیسلامی کاری سیخوڕیی دژی هاوڵاتییانی وڵاتەکەمان زیاد کردوە
2 ساڵ لەمەوپێش
رۆژنامەیەکی ئەڵمانی ئاشکرای دەکات دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە ژمارەیەک سیخوڕی کۆماری ئیسلامیی لە ئەڵمانیا دەستگیر کردوە کە زانیارییان لەسەر ئەو هاوڵاتییانە کۆکردوەتەوە کە بە رەگەزنامە خەڵکی ئێرانن.
رۆژنامەی وێڵ ئەم سۆناتگ(Welt am Sonntag)ی ئەڵمانیا بڵاوی کردوەتەوە؛ بە پێی ئەو زانیارییانەی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی وڵاتەکە بە رۆژنامەکەی راگەیەنادوە، سیخوڕی و کاری هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئەڵمانیا زیادی کردوە.
بە پێی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئەڵمانیا؛ کۆماری ئیسلامی لە رێگەی دەیان کەسەوە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاریی داوە لەسەر ناسنامە و شوێن و پیشەی ئەو کەسانەی نەیاری دەسەڵاتی ئێرانن و بە دیاریکراوی زانیاریی لەسەر ئەو کەسانە کۆکردوەتەوە کە خەڵکی ئێران و نیشتەجێی ئەڵمانیان.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا لە نزیکەی پێنج مانگی رابردودا 160 کەسی دیاریی کردوە کە سەرقاڵی کاری سیخوڕی و کۆکردنەوەی زانیارییەکان بون بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.
وەزارەتی ناوخۆ لە ماوەی رابردودا ئاشکرای کرد کە لانیکەم 270 هەزارکەسی خەڵکی ئێران لە ئەڵمانیا نیشتەجێن و بە هاوڵاتیی وڵاتەکە ئەژمار دەکرێن کە زیاتر لە 90%یان نەیاری کۆماری ئیسلامین.