ئەمریکا تەنێکی "نەناسراو" لە ئاسمانی ئالاسکا دەخاتە خوارەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند فڕۆکەیەکی جەنگیی ئێف-22ی ئەمریکی لە ڕۆژی هەینیدا تەنێکی نەناسراوی لە بەرزاییەکانی  ئالاسکا خستۆتە خوارەوە.

ئەمڕۆ شەممە لە کۆنگرایەکی ڕۆژنامەوانیدا پاتریک ڕایدەر وتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا ڕۆژی هەینی توانییان تەنێکی نەناسراو لە ئاسمانی ئالاسکا بخەنە خوارەوە کە قەبارەی سەیارەیەکی بچوکی هەبووە .

وتیشی "نازانین کێ خاوەنی ئەو تەنەیە و بێگومان زانیاری زیاترمان دەستدەکەوێت دوای ئەوەی ئەو پاشماوەیەی لێیماوەتەوە دۆزیمانەوە بۆ لێکۆڵینەوە"

سەبارەت بە هۆکاری خستنەخوارەوەی تەنەکە وتی،"ترسی ئەوەمان هەبووە مەترسی لەسەر گەشتە فڕۆکەوانییەکان دروست بکات هەر بۆیە بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا خستمانە خوارەوە".

هەریەک لە پێنتاگۆن و کۆشکی سپی ڕەتیانکردەوە زانیاری زیاتر لەسەر ئەو تەنە بەن کە زۆر لەو باڵۆنە چینییە بچوکتربووە کە خرایە خوارەوە لە کەنار ئاوەکانی کالیفۆرنیا دوای ئەوەی ئەمریکا بە باڵۆنی سیخوڕی ناویبرد.

هاوکات ڕایدەر ئەوەشی ڕونکردەوە ، ئەو فڕۆکەوانەی تەنەکەی خستۆتە خوارەوە وتویەتی، کە تەنەکە بچوکبووەو فڕۆکەوانی تێدا نەبووە ئەوەشی زیاد کرد کە تەنەکە توانای مانۆڕی نەبووەو و لە فڕۆکە نەچووە.

لە ئێستادا بەرپرسانی ئەمریکا کەوتۆنەتە ژێر پرسیاری ئەوەی هۆکاری بڵاونەکردنەوەو ڕەتکردنەوەی پێدانی زانیاری زیاتر لەسەر ئەو تەنە و نەناسینەوەی لە لایەن فڕۆکەوانە بەئەزمون و هەواڵگری ئەو وڵاتەوە ئەبێت چیبێت.

پێنتاگۆن گوتی بۆ یەکەم جار پێنجشەممە بە بەکارهێنانی ڕادارەکان دۆزرایەوە. پاشان فڕۆکەی ئێف-35 نێردراوە بۆ لێکۆڵینەوە و بۆیان دەرکەوتووە تەنەکە بە نزیکەیی ٤٠٠٠٠ پێ (١٢١٩٠ مەتر) فڕیوە لە ئاراستەیەکی باکووری رۆژهەلاتدا، هەربۆیە ئەمەش مەترسی بۆ هاتووچۆی ئاسمانی مەدەنی دروست کردوە.

ئۆبجێکتەکە لە کەناری باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەلاسکا خرایە خوارەوە لەسەر ئاوی بەستووی خاکی ئەمریکا لە نزیک سنووری کەنەدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار