رۆژئاوای کوردستان ژنێک و دوو منداڵی تیرۆریستانی داعش رادەستی سلۆڤاکیا کردەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ژنێک و ٢ منداڵی تیرۆریستانی داعشی رادەستی حکومەتی سلۆڤاکیا کردەوە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، شاندێکی سلۆڤاکیا بە سەرۆکایەتی ئیگۆر بوکین بەرپرسی کاروباری دەرەوەی ئەروپای وەزارەتی دەرەوەی سلۆڤاکیا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردووە.

شاندەکە لەلایەن رۆبێل بەهۆ جێگری هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوە، خالید ئیبراهیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرێتیەکە و لانا حسێن ئەندامی نوسینگەی پەیوەندیەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (پەیەژە)ەوە پێشوازی لێکراوە. بەگوێرەی هەواڵی ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندیەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری، هەردوولایەن باسی دۆخی سوریا و رۆژئاوای کوردستانیان کردووە.

رۆبێک بەهۆ ئاماژەی بە کەموکورتی وڵاتانی جیهان و بەجێنەگەیاندنی بەرپرسیاریان لەبەرامبەر خانەوادەی تیرۆریستانی داعش لە کەمپی هۆڵ و کەمپی رۆژ کرد و وتی، پێویستە دەوڵەتانی جیهان هاوڵاتیەکانیان لە کەمپەکاندا بگەڕێننەوە. ئیگۆر بوکینیش سوپای وڵاتەکەی پێشکەشی رۆژئاوای کوردستان کرد و رایگەیاند کە هاوڵاتیەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان دەگەڕێننەوە. لە کۆتاییدا بە شێوەیەکی فەرمی ژنێک و ٢ منداڵی تیرۆریستانی داعش کە هاوڵاتی سلۆڤاکیان، رادەستی شاندەکە کرانەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار