نێچیرڤان بارزانی بەشداری پەنجاونۆهەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەکات

کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی  هەرێمی کوردستان سبەینێ دەگاتە ئەڵمانیا و لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی ١٥٠ وڵاتی جیهان بەشدار دەبێت لە پەنجاونۆهەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، کە تێیدا جەنگی ئۆکرانیا و دۆخی ئێران وگۆڕانەکانی کەشوهەوا تاوتوێ دەکرێن.
میدیای فەرمی نزیک لەپارتی ڕایگەیاند، سبەینێ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی  هەرێمی کوردستان لە پەنجاونۆهەمین کۆنفرانسی میونشن بۆ دووەم جار لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەی ١٥٠ وڵاتی جیهان بەشدار ئەبێت.
کۆنفرانسی میونشن ساڵی ڕابردوو لە پەنجاوهەشتەمین کۆبونەوەی خۆیدا بە ئامادەبوونی ١٣٥ سەرکردە و سەرۆک و وەزیری جیهانی بەڕێوەچوو، کە تێیدا پرسی جەنگی ئۆکرانیا یەکێک بوو لە پرسە گرنگەکان، بەڵام جیاواز لە ساڵی ڕابردوو ئەمساڵ داوا لە پوتین و سەرکرەکانی ڕوسیا نەکراوە و بانگهێشت نەکراون، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو بانگهێشتکرابوون و خۆیان ئامادە نەبوون، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ نوێنەرێکی ئێرانیش بانگهێشت نەکراون.

بڕیارە کۆنفرانسەکە سبەینێ هەینی دەستپێبکات و نزیکەی ١٥٠ بەرپرسی وڵاتانی جیاواز تاوتوێی دواین پێشهاتە ئەمنییەکانی جیهان و هەڕەشەکانی سەر ئاشتی نێودەوڵەتی بکەن، بەتایبەت جگە لە کێشەکانی ئۆکرانیا و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت جەنگی دژی تیرۆریش باس دەکرێت.
هەروەها کریستۆف هیوسگن، سەرۆکی کۆنفرانسەکە لەبارەی بانگهێشتنەکردنی نوێنەرانی ئێرانەوە ڕایگەیاند، بەهۆی پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ مافەکانی مرۆڤ، هیچ بەرپرسێکی ئێرانی بانگهێشتی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن نەکراوە، لەبری ئەوە نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئێران بانگهێشت کراون.
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ساڵی ١٩٦٣ لەلایەن ئیڤاڵد هاینریچ ڤۆن کلیست شمێنزین، ئەفسەری پێشووی سوپای ئەڵمانیا و بەشداری لە هەوڵێکی شکستخواردووی تیرۆرکردنی ئەدۆلف هیتلەردا دامەزرا، بە ئامانجی کۆکردنەوەی سەرکردە و پسپۆڕانی دیپلۆماسی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ناتۆ و پەیوەندییەکان لە نێوان زلهێزەکانی هەردوو دیوی زەریای ئەتڵەسی.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار