پۆلیسی بولگاریا لە بارهەڵگرێکدا کە کۆچبەری نایاسای گواستۆتەوە 18 کەسیان بە مردوویی دۆزییەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسانی بولگاریا ڕۆژی هەینی ڕایانگەیاند 18 کۆچبەریان بە مردوویی لە بارهەڵگرێکی چۆڵکراودا دۆزیوەتەوە کە کۆچبەری نایاسای گواستۆتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی بولگاریا ڕایگەیاند دەستیان بەسەر بارهەڵگرێکدا گرتووە کە 40پەنابەری نایاسای گواستۆتەوە کە لە ژێر دارێکدا خۆیان شاردۆتەوە و 18یان گیانیان لەدەستداوە.
هاوکات بە یەکێک لە لە کوشندەترین ڕووداوەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە تا ئێستا لەو وڵاتەدا ناوبرا.
ئەم ڕوداوە لە کاتێکدایە ئەو وڵاتە ڕێوشوێنێکی توندی گرتۆتە بەر بۆ وەستاندنی کۆچی نایاسای و بەزاندنی سنورەکانی بە شێوەیەک بە درێژایی 234 کیلۆمەتر سیاجی تەلی داناوە کە نزیکەی هەموو سنوورەکەی لەگەڵ تورکیا دەکات .
دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی ناوخۆ، بارهەڵگرەکەیان لە نزیک گوندی لۆکۆرسکۆ دۆزییەوە کە 20 کیلۆمەتر (12 میل) باکووری ڕۆژهەڵاتی سۆفیای پایتەختی بولگاریا بووە.
سەبارەت بە هۆکاری مردنیان ئەسین مێدجیڤ وەزیری تەندروستی بەڕۆژنامەنووسانی وت: "ناتوانم بە دڵنیای بڵێم کە چیڕویداوە بەڵام ڕێژەی ئۆکسجین لەناو بارهەڵگرەکەدا کەمبووە و شوێنەکەیان سارد بووە هاوکات تەڕ بوون و دڵنیاشم چەند ڕۆژێکە نانیان نەخواردووە" . هەربۆیە هۆکاری مردنی کۆچبەرەکان تائێستا نادیارە و بە ڕەسمی ڕانەگەیەندراوە.
وتیشی، 14 کەسیان لە بارهەڵگرەکەدا بە زیندوویی دۆزراونەتەوە، کە هەشتیان لە حاڵەتی سەختدان، گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە و 10کەسی دیکەیان لە شوێنێکی نزیک ڕوداوەکە دۆزراونەتەوە بۆ پشکنین گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
بە پێی رادیۆی گشتی بی ئێن ئاڕ، باوەڕ دەکرێت هەموو ئەو کەسانەی لە بارهەڵگرەکەدا بوون پیاو بوون و خەڵکی ئەفغانستان بوون.
وەزارەتی ناوخۆ ڕاشیگەیاند لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی قاچاخچێکان دەستی پێکردووە.
بە پێی ئەو ئامارانەی پۆلیسی سنووری ئەو وڵاتە بڵاویکردۆتەوە لە ساڵی 2022دا 164 هەزار هەوڵی "پەڕینەوەی نایاسای" ی پوچەڵکراوەتەوە، ئەمەش بە بەراورد بە 55 هەزار لە ساڵی 2021دا.