جێگری سەرۆکی ئەمریکا: ڕووسیا "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" لە ئۆکرانیا ئەنجامداوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کامالا هەریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ هەینی لە وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ڕایگەیاند کە ئەمەریکا بە فەرمی ئەوەی دەستنیشان کردوە کە ڕووسیا تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە ئۆکرانیا ئەنجامداوە.
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا لە میونشن کە لە سەروبەندی ساڵڕۆژی دەستدرێژی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پێشکەشکرا، بە ئاماژەدان بە ئەزموونی خۆی لە بواری پاڕێزەری و کارکردنی وەک داواکاری گشتی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، ڕایگەیاند ه "لە حاڵەتی کردەوەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بەڵگەکانمان پشکنیوە، ئێمە پێوەرە یاساییەکان دەزانین و گومانی تێدا نییە: ئەمانە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین".
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئەو کارانەی بە "بەربەری و نامرۆڤانە" ناوبرد و گوتی "ئەمەریکا بە فەرمی ئەوەی دەستنیشان کردوە کە ڕووسیا تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە".
لە ساڵی ڕابردوودا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی وێڕای پاڵپشتی و پێشکەشکردنی هاوکاری دارایی و سەربازی بۆ ئۆکرانیا، سزای توندیان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە.
هاریس ئهوهشی خستهڕوو، سەبارەت بە ناردنی چەک لەلایەن کۆریای باکوور و ئێرانەوە بۆ رووسیا و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و بەیژینگ، نیگەرانن و لە هاوکارییەکانیشیان بۆ ئۆکرانیا بەردەوام دەبن.
جێگری سەرۆکی ئەمهریکا ههروهها گوتی: "نابێت بە هێز سنووری وڵاتان بگۆردرێت، دەبێت هەموو وڵاتان رێز لە سەروەری یاسا بگرن، ئێمە هەمیشە بەهێز بووین و دەبێت هەمیشە بە بەهێزی بمێنینەوە، بەڵام ئەگەر پوتن ئەم جەنگە ببباتەوە ئەوا دەبێتە سەرمەشق و نموونەیەک بۆ هەموو دەوڵەتە دیکتاتۆرەکانی دیکە و هاوشێوەی رووسیا مامەڵە دەکەن".
لە کۆتایدا ڕایگەیاند کە ناتۆ لە ئیستادا لە هەموو کاتێک بەهێزترە.