دژەتیرۆری بەریتانیا: 15 هەوڵی ئێران بۆ کوشتن و رفاندن لە وڵاتەکەمان پوچەڵ کراونەتەوە
کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی بەهۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە نوسینگەکەی لە بەریتانیاوە بۆ ئەمریکا دەگوازێتەوە
مەت جوکس، یاریدەدەری بەڕێوبەری پۆلیسی دژەتیرۆر لە بەریتانیا
2 ساڵ لەمەوپێش
پۆلیسی بەریتانیا هەوڵەکانی ئێران بۆ کوشتن و رفاندن لە وڵاتەکەی ئاشکرا دەکات و کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی فارسیی بەهۆی هەڕەشەکانی سوپای پاسداران نوسینگەی سەرەکیی لە لەندەنەوە دەگوازێتەوە بۆ واشنتۆن.
مەت جوکس، یاریدەدەری بەڕێوبەری پۆلیسی دژەتیرۆر لە بەریتانیا ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند؛ هێزەکانی پۆلیس بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی وڵاتەکە 15 پلان و هەوڵی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بۆ رفاندن و کوشتنی دانیشتوان و هاوڵاتییانی بەریتانیا پوچەڵ کردوەتەوە.
دژە تیرۆری بەریتانیا رونی کردوەتەوە؛ کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی رابردودا زیاترین هەوڵی داوە بۆ کوشتن و رفاندنی ئەو کەسانەی ئامانجی بوە یان نەیاری دەسەڵاتی ئەو وڵاتەکە بون.
پۆلیس ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەمساڵ هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بوە و لە شاری لەندەن پۆلیس ناچار بوە هێزەکانی بۆ بەرگریی تەلەڤیزیۆنێکی فارسی زمان بخاتە ئەرکەوە و لە شوێنی نوسیگەی سەرەکیی جێگیر بکرێن.
جوکس وتویەتی هەفتەی رابردو کەسێک دەستگیرکراوە کە سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بوە و هەوڵی هێرشکردنە سەر نوسینگە و کارمەندانی ئەو تەلەڤیزیۆنەی داوە.
لێدوانی ئەو بەرپرسەی پۆلیسی دژە تیرۆر لە کاتێکدایە ئەمڕۆ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی فارسی (ئیران ئینتەرنەشناڵ) رایگەیاند؛ بەهۆی هەڕەشەکانی سەریان نوسینگەی سەرەکی و پەخشی کەناڵەکەیان لە لەندەنەوە بۆ واشنتۆن لە ئەمریکا گواستوەتەوە.
بەرپرسانی سوپای پاسدارن و کۆماری ئیسلامی ئێران خاوەنداریی ئەو کەناڵە دەگەڕێننەوە بۆ سعودیە و چەندجارێک هەڕەشەی هێرشکردنە سەریان کردوە.