ماکرۆن: لەگەڵ ئەوەدا نیم ڕوسیا بە شکستێک لە ئۆکرانیا تێكبشكێنرێت
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی لۆ جۆرناڵ دو دیمانش وتی، " لەگەڵ ئەوەدا نیم روسیا بەشکستێک لە ڕوسیا تێکبشکێنرێت لە ئۆکرانیا وهێرش بکرێتە سەری لەسەر خاکەکەی خۆی".
لە لێدوانیکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕۆژنامەی لۆ جۆرناڵ دو دیمانش، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا لەبارەی هاوکاریە سەربازیەکان ودریژبوونەوەی جەنگی ئۆکرانیا و ڕوسیاوە وتی، دەمەوێت ڕووسیا لە ئۆکرانیا شکست بهێنێت، هەروەها دەمەوێت ئۆکرانیا بتوانێت بەرگری لە پێگەی خۆی بکات، بەڵام پێموانییە وەک هەندێک کەس، کە دەبێت ئامانجمان شکستی تەواوەتی ڕووسیا بێت، هێرشکردنە سەر ڕووسیا لەسەر خاکی خۆی".
ئەم لیدوانانەی سەرۆکی فەڕەنسا لەکاتێکدایە کە سەرکردەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا کۆبوونەوەتەوە ولە گفتوگۆدان بۆ دابینکردنی کەلوپەلی سەربازی زیاتر بۆ ئۆکرانیا وسەپاندنی سزای قورستر و زۆرتر بەسەر ڕوسیا.
سەرۆکی فەڕەنسا هەر لە میانەی لێدوانەکانیدا بۆ میدیاکانی فەڕەنسا داوای لە گەلانی ڕۆژئاوا کرد کە پشتیوانی سەربازی بۆ کیێڤ زیاد بکەن و وتی کە ئامادەیە بۆ شەڕێکی درێژخایەن.
لەبارەی بەدیهێنانی ئاشتی لە جەنگی ڕوسیا وئۆکرانیاوە، ماکرۆن وتی، "ئێستا کاتی گفتوگۆ لەگەڵ مۆسکۆ نیە" بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆی بەدورنەگرت لە باسکردنی ڕێگاچارەی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە و پێشنیاری ئەوەی کرد کە هەوڵە سەربازییەکانی ئۆکرانیا بە پشتیوانی هاوپەیمانان تاکە ڕێگایە بۆ "گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ سەر مێز و بنیاتنانی ئاشتییەکی بەردەوام".
لەگەڵ ئەوەی کە ئیمانوێل ماکرۆن داوای پاڵپشتی سەربازی زیاتری ڕۆژئاوای کرد بۆ ئۆکرانیا بەڵام لەبارەی دریژکردنەوەی جەنگەکەوە و هەوڵدان بۆ تێکشکانی یەکجاری ڕوسیا و گۆڕینی ڕژیمەکەوە ماکرۆن ڕایگەیاند، "ئەو چاودێرانە دەیانەوێت لە سەرووی هەموو شتێکەوە ڕووسیا تێکبشکێنن. ئەوە هەرگیز هەڵوێستی فەرەنسا نەبووە و هەرگیز هەڵوێستی ئێمەش نابێت"، هەروەها ئاسۆی گۆڕینی ڕژێمی لە ڕووسیا ڕەتکردەوە و هەوڵە هاوشێوەکانی لە سەرانسەری جیهان بە "شکستێکی تەواو" وەسف کرد.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی فەڕەنسا لەکاتێکدایە کە لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی وتارەکانی و تێڕوانینەکانیەوە چەندین جار کەوتۆتە بەر ڕەخنەی بەرپرسانی ئۆکرانیا و ڕۆژئاواش، لەناویاندا هاوپەیمانانی ناتۆ چەندین جار ڕەخنەیان لە ماکرۆن گرتووە بەوەی پەیامی نارونی هەیە لەسەر ڕوسیا و جەنگەکەی لە ئۆکرانیا. هەروەها لە ساڵی ڕابردوو لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیاوە ڕەخنەی لێگیرا لەسەر ئەو لێدوانەی کە وتبووی " نابێت ڕوسیا بە تەواوی زەلیل بکرێت" بەوەش دیمیترۆ کۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا وەڵامی دایەوە و ڕایگەیاند" ڕوسیا خۆی زەلیل دەکات، پێویستە بخرێتەوە شوێنی خۆی".