بایدن لەکاتی سەردانەکەی ئەمڕۆیدا بۆ ئۆکرانیا بەڵێنی هاوکاری سەربازی نوێی بەو وڵاتەدا

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی یارمەتی سەربازی نوێی بە بەهای 500 ملیۆن دۆلاربە ئۆکرانیا دا لە سەردانێکی ڕانەگەیندراودا بۆ کیڤ ئەمڕۆ دووشەممە کە یەکەم سەردانی جۆ بایدنە دوای ساڵێک لە دەستپێکردنی جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا.

بایدن لە گوتارێکدا ڕایگەیاند لەگەڵ پێدانی یارمەتی سەربازی زیاتر  ئەم هەفتەیە سزای زیاتر دەسەپێنن بەسەر ڕوسیا و ئەو کۆمپانیایانەی کە هەوڵ دەدەن لە سزاکان دەربازبن.

لە وتەکانیدا سەبارەت بەو پاکێجی یارمەتییە نوێیە سەرۆکی ئەمریکا باسی فڕۆکەی جەنگی نەکرد کە ئۆکرانیا چەند مانگێکە لە دوای وەرگرتنی تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی داوای دەکات بۆ سەرکەوتن بەسەر ڕوسیادا.

بە گوتەی بایدن ئەو پاکێجەی هاوکارییە سەربازییەکە چەک و تەقەمەنی و سیستەمی دژە جبەخانە و ڕادارەکانی چاودێری ئاسمانی دەگرێتەوە" بۆ ئەوەی یارمەتی پاراستنی خەڵکی ئۆکرانیا بدات لە بۆردومانە ئاسمانییەکان".

لە سەردانەکەی بایدن بۆ کیێڤ، زه‌نگی ئاگادار كردنه‌وه‌  لە ته‌واوی پایتەختی ئۆکرانیادا لێدرا، بەڵام بە گوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، هیچ هەواڵێک لەبارەی هێرشی مووشەکی و ئاسمانی لە رووسیاوە نەبووە.

لە وتەیەکدا سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا گوتی: "لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکەمین ساڵیادی لەشکرکێشی دڕندانەی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەمڕۆ لە کیێڤم بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆک زیلێنسکی و دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی بێوچانمان بە دیموکراسی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا".

لای خۆیەوە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ستایشی سەردانەکەی بایدنی کرد و بە ئاماژەیەکی زۆر گرنگی وه‌سفكرد بۆ پشتیوانیکردنیان لەو جەنگە.

زێلێنسکی لە چەناڵی خۆی لە تێلێگرام بە زمانی ئینگلیزی گوتی: "جۆو بایدن، بەخێر بێیت بۆ کیێڤ! سەردانەکەت نیشانەیەکی زۆر گرنگی پشتیوانییە بۆ هەموو ئۆکراینییەکان".

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بڕیارە هه‌ر ئه‌مڕۆ بایدن سەردانی پۆڵەندا بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار