ژاپۆن و کۆریای باشوور: کۆریای باکوور بە ئاراستەی دەریای ژاپۆن (دەریای رۆژهەڵات) مووشەکی بالیستی تاقیکردووەتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزیری بەرگریی ژاپۆن، کۆریای باکوور کاتژمێر ٠٦:٥٩ بۆ ٠٧:١٠ بەکاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە، بە ئاراستەی دەریای ژاپۆن دوو مووشەکی بالیستی تاقی کردووەتەوە.
مووشەکە بالیستییە کورت مەوداکە (SRBM) کە لە دەرەوەی ناوچەی تایبەتی ئابووریی ژاپۆن کەوتووەتەخوارەوە، زیانی بە ناوچەکە نەگەیاند.
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، کیشیدا فومیۆ باسی لەوە کرد کە داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کردووە کۆبوونەوەیەک لەسەر تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی کۆریای باکوور ئەنجام بدات.
لە دوای تاقیکردنەوە مووشەکەکە، حکوومەتی ژاپۆن لە رێگەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیەوە لە پەکین، نامەی ناڕەزایەتی ئاراستەی کۆریای باکوور کرد.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور بڵاوی کردەوە کە مووشەکەکان لە ناوچەی سوکجۆن هەڵدراون و یەکەمیان ٣٩٠ و دووەمیشیان ٣٤٠ کیلۆمەتر مەودای ئاسمانیی بڕیوە.
کۆریای باکوور کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٣٧ تاقیکردنەوەی مووشەکی جۆراوجۆری ئەنجام داوە و نزیکەی ٩٠ مووشەکی هەڵداوە لە سەرەتای ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا، ئەمە سێیەمین تاقیکردنەوەیە ئەنجامی دەدات