تاڵیبان بنکە سەربازیە بیانییە کۆنەکان دەکاتە ناوەندی ئابوری
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
تاڵیبان ڕۆژی یەکشەممە بڕیاریدا بنکە بیانییە سەربازیەکانی پێش دەسەڵاتی خۆی لە ئەفغانستان بکاتە ناوەندێکی ئابوری، ئەمەش لەپێناو بوژاندنەوەی وڵاتەکەی.
عەبدولغەنی بەرادار، جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری حکومەتی تاڵیبان ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: بڕیاردراوە کە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی وردە وردە کۆنتڕۆڵی ئەو بنکە سەربازییانەی کە ماونەتەوە لە هێزە بیانییەکاندا بگۆڕن بۆ ناوچەی ئابوری تایبەت.
ئەفغانستان لەدوای کۆنترۆڵکردنەوەی لە لایەن تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١، ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی ئابووری و مرۆیی بووەتەوە، هەر بەوهۆیەوەش سەرەتای ئەمساڵ تاڵیبان پلانی واژۆکردنی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی بۆ هەڵکەندنی نەوت لە باکووری ئەفغانستان ڕاگەیاند.
لەبارەی گۆڕینی بنکە سەربازیەکانەوە بەناوچەیەکی ئابوری، عەبدول غەنی بەرادار جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری حکومەتی تاڵیبان ئاماژەی بەوەش دا کە پڕۆژەکە بە شوێنە سەربازییەکان لە سەنتەری کابول و پارێزگای بەلخی باکور دەستپێدەکات، بەڵام وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو.
ئەم بڕیارەی تاڵیبان لەکاتێکدایە کە بە بەهای زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلار سەرچاوەی سروشتی ئەفغانستان، لەوانە گازی سروشتی و مس و زەوییە دەگمەنەکان هەیە ، بەڵام بەهۆی دۆخە ئاڵۆزەی لە وڵاتەکە هەیە نەتوانراوە سودی لێوەربگیرێت.
لە لایەکی دیکەشەوە لەدوای کشانەوەی هێزە سەربازییە بیانییەکانەوە، باری دارایی ئەفغانستان بەهۆی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی دیکەوە کەوتۆتە دۆخیکی سەختەوە، سزاکان بەسەر ئەندامانی حکومەتی تاڵیباندا سەپێندراون، سەروەت و سامانی بانکی ناوەندی ئەفغانستانیش لە دەرەوەی وڵات بلۆک کراون و زۆربەی ئەو هاوکارییە دەرەکیانەی کە پێشتر پاڵپشتی ئابوورییەکەی دەکرد، ڕاگیراون.