سەرۆکی ئۆکرانیا: "ئەگەر چین لەگەڵ رووسیا رێکبکەوێت ئەوە جەنگێکی جیهانی دەستپێدەکات"

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەیەکی ئەڵمانی سەرۆکی ئۆکرانیا هۆشداری لە هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهانی دەدات و دەشڵێت: سەرۆکی رووسیا بە هیچ شێوەیەک سیاسەتەکانی ناگۆڕێت.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی Welt ی ئەڵمانی کە سەرچاوەکەی بۆ رۆژنامەی La Repubblicaی ئیتاڵی گەڕاندووەتەوە زێلێنسکی گوتوویەتی: "ئەگەر چین رێککەوتن لەگەڵ رووسیا ئەنجامبدات ئەوە جەنگێکی جیهانی دروستدەبێت و پێموایە چین ئاگاداری ئەوە هەیە".

ئەم قسانەی زیلینسکی لە کاتێکدایە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن  لە چاوپێکەوتنێکدا  دیپلۆماتی باڵای چینی وانگ یی ئاگادار کردەوە لە دەرئەنجامەکان ئەگەر چین پشتگیری ڕوسیا بکات  داگیرکردنی ئۆکرانیادا و، واشنتۆن نیگەرانە لەوەی کە پەکین بیر لە دابینکردنی چەک بۆ مۆسکۆ دەکاتەوە.

زێلێنسکی، جەختی لەوە کردەوە کە پرسی چین زۆر ئاڵۆزە و گوتی: "بۆ ئێمە پاڵپشتی نەکردنی رووسیا لەلایەن چینەوە لەم جەنگە زۆر گرنگە. لە راستیدا دەمەوێت لاینگری ئێمە بێت، بەڵام پێموایە لە ئێستادا ئەمە ناکرێت. بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی پراگماتیکی هەڵسەنگاند بۆ ئەمە بکرێت ئەوە وەکو دەرفەتێک بۆ چینی دەبینم".

باسی لەوەش کرد کە "ئەمڕۆ یان سبەی رۆژئاوا لە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا ماندوو دەبێت و لە وەڵامی پرسیاری "ئایا دەترسن لە بە تەنها رووبەڕووبوونەوەی رووسیا؟" گوتی: "کەس حەز ناکات بە تەنها شەڕ بکات، ئەمە شتێکی ئاساییە. ئەگەر کەسانێک بیر لەوە بکاتەوە کە ئۆکراینا رۆژێک دێت بە تەنها دەمێنێتەوە، ئەو کات مانای ئەوە دەدات کە لەوە تێنەگەیشتووە کە بۆ کێ و لە پێناو کێ دەجەنگین. ئەگەر رۆژئاوا واز لە پاڵپشتیکردنمان بهێنێت، وڵاتەکەمان لەناو دەچێت و چیتر نامێنێت".

لەلایەکی دیکە ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا بەشداریکردنی وڵاته‌كه‌ی لە ڕێککەوتنی ستارت هەڵپەسارد، کە ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئاڵۆزتر بوونی پەیوەندی نێوان وڵاتانی زلهێز و هەڵگیرسانی جەنگێکی دیکەی جیهانی.

رێککەوتنی نیو ستارت، لە 2010 لە نێوان باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمه‌ریکا و دمیرتی مێدڤیدێڤ سەرۆکی پێشووی رووسیا واژووکرا.

 ئامانج لێی سنووردارکردنی کەمکردنەوەی ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی رووسیا و ئەمه‌ریکایە، هەریەکە لەو دوو وڵاتە نابێت زیاتر لە هەزار و 550 کڵاوەی ئەتۆمی و 700 موشەکی دوور مەودا و بۆمب هاوێژیان هەبێت.

لە 1967 ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی ئەمه‌ریکا لە لووتکەدا بوو و خاوەنی 31 هەزار و 255 کڵاوە بووە، ئێستاش خاوەنی سێ هەزار و 750 کڵاوەی ئەتۆمییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار