وەزیری دەرەوەی ئەمریکا : هەڵپەساردنی بەشداریی رووسیا لە رێککەوتننامەی نیو ستارت نابەرپرسیارانەیە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەڵپەساردنی بەشداریی رووسیا لە رێککەوتننامەی نیو ستارت کە تایبەتە بە کڵاوە ئەتۆمییەکان، "جێگەی داخە و نابەرپرسیارانەیە."
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کاتێک ئیدارەی بایدن دەستبەکاربوو، رێککەوتننامەی "نیو ستارت"ی درێژکردەوە، چونکە پێیوابوو ئەمە لە بەرژەوەندی ئاسایشی هەردوولادایە، هەر ئەمەش دەریدەخات کە "کردەوەی نا بەرپرسیارانە" چۆنە.
تا دێت جهنگی ئۆکرانیا ئاڵۆزتر دەبێت، 24ـی ئەم مانگە ساڵێک بەسەر دەستپێکی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا تێدەپەڕێت، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا بەشداریکردنی وڵاتهكهی لە رێککەوتنی ستارت هەڵپەسارد، رێککەوتننامەی "نیو ستارت" لە ساڵی 2010 لەنێوان باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و دیمیتری میدڤیدیڤی، هاوتا رووسییەکەی واژۆی لەسەرکرا. رێککەوتننامەکە رێژەیەک بۆ ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییە ستراتیژییەکان دادەنێت کە رووسیا و ئەمریکا دەتوانن بڵاویان بکەنەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئامادەیی دەربڕی بۆ ئەوەی لە گفتوگۆکردن لەگەڵ رووسیا دەربارەی سنووردارکردنی چەکە ستراتیژییەکان بەردەوامبن هەر کاتێک رووسیا بیەوێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو بەرزی و نزمییانەی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیادا دروستبوون.
ڕێککەوتنی نیو ستارت، لە 2010 لە نێوان باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمهریکا و دمیرتی مێدڤیدێڤ سەرۆکی پێشووی رووسیا واژووکرا.
ئامانج لێی سنووردارکردنی کەمکردنەوەی ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی رووسیا و ئەمهریکایە، هەریەکە لەو دوو وڵاتە نابێت زیاتر لە هەزار و 550 کڵاوەی ئەتۆمی و 700 موشەکی دوور مەودا و بۆمب هاوێژیان هەبێت.
ئەمهریکا و رووسیا، دوو زلهێزەکەی جیهان خاوەنی ٪90 چەکە ئەتۆمییەکانی جیهانن، ئێستا جهنگی ئۆکرانیا پەیوەندییەکانییانی ئاڵۆز کردووە.
لە 1967 ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکانی ئەمهریکا لە لووتکەدا بوو و خاوەنی 31 هەزار و 255 کڵاوە بووە، ئێستاش خاوەنی سێ هەزار و 750 کڵاوەی ئەتۆمییە.
جیهانیش لە مەترسیی ئەوەدایە، ئەو دوو دەوڵەتە زلهێزە تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانیان دەستپێبکەنەوە، سێیەم جەنگی جیهانی دەست پێبکات.
هاوکات،وەزارەتی دەرەوەی رووسیا دەرفەتێک دەهێڵێتەوە کە پەیوەندی بە ئاسایشی جیهان و مەترسیی وەشاندنی چەکی ئەتۆمییەوە هەیە و دەڵێت، "بڕیاری هەڵپەساردنی بەشداری لە 'نیو ستارت' دەکرێت هەڵبوەشێندرێتەوە. بۆ ئەوەی ئەمەش بکرێت، پێویستە واشنتن خواستی سیاسی پێشان بدات و هەوڵی نیازپاکی بدات بۆ هێورکردنەوەیەکی گشتی."
پووتین لە میانی گوتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، رووسیا رێککەوتننامەکەی تەنیا هەڵپەساردووە نەک هەڵی وەشاندبێتەوە.