کۆریای باشور نزمترین ئاستی پێوانەیی تۆمارکرد لەکەمی ڕێژەی منداڵبووندا
لە کۆریای باشور ڕێژەی مردن لە لەدایکبوون زیاترە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کۆریای باشور ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند لە ئێستادا وڵاتەکەی لە پلەی یەکەمدایە لەڕووی کەمی منداڵبوونەوە، ئەمەش بۆ دووەم جارە کە ئەو دابەزینە بەخۆیەوە دەبینێت لەدوای دووەم هەوڵی حکومەتەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئەو ڕێژەیە.
دەزگای ئاماری نیشتمانی کۆریای باشور ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، ڕێژەی منداڵبوون، یان تێکڕای ژمارەی منداڵان کە چاوەڕوان دەکرێت بۆ هەر ژنێک، لە ساڵی ٢٠٢٢دا بۆ ٠.٧٨ دابەزیوە لە چاو ساڵی ڕابردوودا کە ٠.٨١ بووە.
لە ساڵی ٢٠١٥ وە ڕێژەی منداڵبوون لە کۆریای باشور ڕوی لەکەمی کردووە، بەجۆرێک لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ڕێژەی مردن زیاتر بوو لە ڕێژەی لەدایکبوون لەو وڵاتە، هاوکات لە دواین ئاماری ساڵی ٢٠٢٢دا بەپێی ئامارەکان نزیکەی ٢٤٩ هەزار حاڵەتی لەدایک بوون تۆمارکراوە و لەبەرامبەردا ٣٧٢ هەزار و ٨٠٠ حاڵەتی مردن هەبووە.
شارەزایانیش لەوبارەیەوە دەڵێن، هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییە دیمۆگرافییانە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بریتین لە داواکاری شێوازەکانی کار، وەستانی مووچە، بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، گۆڕینی هەڵوێستەکان بەرامبەر بە هاوسەرگیری و یەکسانی جێندەری و بەرزبوونەوەی بێهیوایی لە نێوان نەوە گەنجەکاندا.
هەروەها بەپێی وتەی پسپۆڕانی کۆریای باشور، یەکێکی دیکە لە کێشەکان دابین نەکردنی منداڵبوونی دەستکردە یاخود منداڵبوون بەبێ باوک " ئای ڤی ئێف" بۆ ئەو ژنانەی کە بەتەنهان و هاوسەریان نیە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆریای باشور هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازان پەسەند ناکات و ئەمەش رێگرە لەبەردەم هەڵگرتنەوەی منداڵانەوە.
سەرەڕای ئەو کێشانەی لەشێوازی کارکردن ویاساکاندا هەن، ژنان لە کۆریای باشور لەتەمەنێکی زۆردا منداڵیان دەبێت و ئەمەش کاریگەری هەیە لەسەر ڕێژەی منداڵ بوون لەو وڵاتە، تێکڕای تەمەنی منداڵبوون لە کۆریای باشوور لە ساڵی ڕابردوودا ٣٣.٥ ساڵ بووە.
دابەزینی ڕێژەی منداڵبوون لە کۆریای باشور لەکاتێکدایە کە ساڵی ڕابردوو سەرۆکی کۆریای باشور ڕایگەیاند، لەماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٢٠٠ ملیار دۆلار بۆ مەبەستی بەرزکردنەوەی ژمارەی دانیشتوان تەرخانکراوە، هاوکات لەگەڵ چەندین دەستپێشخەری دیکەش لەوانە درێژکردنەوەی مۆڵەتی دایک وباوکایەتی بەمووچەوە.
لەبەرامبەردا پسپۆڕان لەبارەی چارەسەری ئەو دابەزینە بەرچاوەی ژمارەی دانیشتوان لە کۆریای باشور، ڕێنمای ئەوە دەدەن کە خەرجکردنی ئەو بڕە بوودجە زۆرە بەتەنها بەس نیە ، بەڵکو پشتگیری زیاتر پێویستە بەدرێژایی ژیانی منداڵ و هەروەها چارەسەرکردنی کۆمەڵێک گرفتی کۆمەڵایەتی ڕەگ داکوتاوی قوڵ.
هاوکات کۆریای باشور تاکە وڵات نیە کە ئەو دابەزینە بەرچاوەی بەخۆوە بینیبێت، بەڵکو وڵاتانی دیکەی ئاسیا لەوانەش چین و یابان بەهەمان شێوە تووشی کەمی ژمارەی ڕێژەی لەدایکبوون و دابەزینی ژمارەی گەنجان بوونەتەوە، کە ئەوەش کاریگەری دەکاتە سەر هێزی کاری ئەو وڵاتە.