ئەمریکا پاکێجێکی سەربازی بەبڕی ٢ ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پنتاگۆن، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بەهۆی ساڵیادی یەک ساڵ لەشكرکێشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا بەبڕی ٢ ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا " پنتاگۆن " لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە هاوکارییەکان چەندەها جۆری جیاواز لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەخۆدەگرن، لەناویاندا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سویچ بلەید ٦٠ کامیکازی نوێکراو و هەروەها ئامێرەکانی دەستنیشانکردنی جەنگی ئەلیکترۆنی؛ هەروەها پارەی تەقەمەنی بۆ سیستەمی موشەکی تۆپخانەیی و تەقەمەنی بۆ سیستەمی موشەکی ڕێنماییکراوی لەیزەریش لەخۆدەگرێت.
ئەمەش تەنها چەند ڕۆژێک دوای سەردانە لەناکاوەکەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا دێت بۆئۆکرانیا، کە تێیدا بایدن بەڵێنی مانەوە و پشتگیریکردنی ئۆکرانیای بۆ سەرۆک ئۆکرانیا دووپاتکردەوە.
ویلایەتە یەکگروتەکانی ئەمریکا لە سەرەتای جەنگەکەوە چەندین هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا ناردووە و بودجەیەکی زۆری لەو پێناوەدا خەرج کردووە، کۆی بڕی هاوکاریەکانی ئەمریکا لەگەڵ دواین پاکێجی سەربازی دەگاتە نزیکەی ٣٢ ملیار دۆلار.