یەکێتی ئەورووپا ١٠مین پاکێجی سەپاندنی سزای بەسەر رووسیادا پەسەند کرد
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
یەکێتی ئەورووپا ژمارەیەک سزای نوێی دژی رووسیا پەسەندکرد کە قەدەغەی بازرگانی، کۆنترۆڵکردنی هەناردەی ئەو تەکنەلۆجیا و بەرهەمانەی کە بۆ ئامانجی مەدەنی و سەربازیی بەکاردەهێنرێن و سنووردارکردنی ئەوانەی کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەنێرنە رووسیا، لەخۆدەگرێت.
لەمبارەیەوە حکوومەتی سوید کە سەرۆکایەتی خولی ئێستای یەکێتی ئەورووپا دەکات، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕەکۆمەلایەتییەکان ئەوەی بڵاوکردەوە کە وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە لە ساڵیادی جەنگی رووسیا-ئۆکراینادا، ١٠مین پاکێجی سەپاندنی سزایان بەسەر رووسیادا پەسەند کردووە.
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە پاکێجە نوێیەکە هەناردەکردنی ئەو بەرهەمە تەکنەلۆجییانەی بۆ مەبەستی مەدەنی و سەربازیی بەکاردەهێندرێن، بەشێوەیەکی توندتر سنووردار دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی سنووردارکردنی ئەو کەس و دەزگایانەی پشتیوانی جەنگ دەکەن، پڕوپاگەندە بڵاودەکەنەوە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەدەنە رووسیا تا لە جەنگدا بەکاریبهێنێت.
جەختیش لەوە کراوەتەوە کە هەرچەند کات بخایەنێت، یەکێتی ئەورووپا هەر بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا.
هاوکات تا ئێستا تەواوی وردەکاریی و ناوەرۆکی سزاکان بڵاونەکراونەتەوە.
لەو پاکێجەدا کە هەفتەی رابردوو لەلایەن کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپاوە ئامادە کرا، قەدەغە خراوەتە سەر هەناردەکردنی کۆمەڵێک بەرهەم کە گوژمەکەیان زیاترە لە ١١ ملیار یۆرۆ و ئەمەش رووسیا لە چەندین بەرهەمی گرنگی تەکنەلۆجی و پیشەسازیی بێبەش دەکات هەروەها چەندین ئامێری کارەبایی، پارچەی ماتۆڕ، پارچەی یەدەگی ماتۆڕی فڕۆکەی جەنگی و بارهەڵگر، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مووشەک و هێلیکۆپتەریش لەنێو ئەو بەرهەمانەدان کە لە چوارچێوەی پاکێجەکەدا هەناردەکردنیان سنووردار کراوە.
جێگەیباسە، ئەمەش بۆ یەکەمجارە کە سزاکانی سەر رووسیا، وڵاتانی سێیەمیش بگرێتەوە، لەم چوارچێوەیەشدا سزا دەخرێتە سەر چەند دەزگایەکی ئێرانیش.
هەروەها چەندین کەسایەتی سیاسی و سەربازیش کە پڕوپاگەندەیان بۆ رووسیا کردووە، دەخرێنە لیستی سزادراوەکانی یەکێتی ئەورووپا و قەدەغەی گەشتکردنیان بەسەردا دەسەپێندرێت، ئەو کەس و دەزگایانەیش کە پڕوپاگەندەیان بۆ رووسیا کردووە، سامانەکانیان لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بلۆک دەکرێت.
وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە ماوەی سێ رۆژ بوو گفتوگۆیان لەسەر ئەم پاکێجە دەکرد کە پەسەندکردنی پێویستی بە کۆدەنگی هەبوو، و پەسەندیان کرد.