ئێران قەڵغانی موشەکی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی دەخاتە ئامادەباشییەوە

فەرماندەکانی سوپای پاسداران و سوپای فەرمیی ئێران

2 ساڵ لەمەوپێش



ئیڕان قەڵغانە موشەکی و سیستمی بەرگریی ئاسامانیی وڵاتەکەی دەخاتە ئامادەباشییەوە و سوپای پاسداران رایدەگەیەنێت لە زۆربەی وڵاتەکەدا سیستمی دژە ئاسمانیی تاقی دەکەنەوە.

سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ لە ئەمشەوەوە ژمارەیەک سیستمی بەرگریی و قەڵغانی دژە ئاسمانیی وڵاتەکە دەکەوێتەکار بە مەبەستی ئەنجامدانی مانۆڕێکی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی سوپای ئێران (ئەرتەش).

ناوەندنی فەرماندەیی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئێران (خاتەمولئەنبیا) بڵاوی کردوەتەوە؛ بە مەبەستی ئامادەکاریی بۆ مانۆڕ و مەشقی هاوبەشی سوپای پاسداران و ئەرتەش، سەرجەم تۆڕەکانی قەڵغانی موشەکی و سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەکەونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە هەندێک شوێنی وڵاتەکەش ئەمشەو ئەو سیستمە بەرگرییانەوە وەک راهێنانێک تاقی دەکرێنەوە.

یەکەمجارە سوپای پاسداران و سوپای فەرمیی ئێران لە چوارچێوەی تاقیکردنەوەی تۆڕی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە مانۆڕی هاوبەشی لەو شێوەیە ئەنجام بدەن.

پێشتر ژمارەیەک رۆژنامەی ئیسرائیلی، ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل بڵاویان کردبوەوە کە پلانی هێرشکردنە سەر زیاتر لە سێ هەزار بنکەی ئێران لەسەر مێزی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران و یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلە و لەو چوارچێوەیەدا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی ئاگادار کراونەتەوە.

رۆژنامەی مەعاریف لە ئیسرائیل ئاشكرای كردوە؛ كابینەی نوێی حكومەتەكەی بنیامین نەتانیاهۆ پلانی هێرشكردنەسەر زیاتر لەسێ هەزار پێگەی ئێرانی یەكلایی كردوەتەوە بەڵام تەنها پێویستی بەهاودەنگیی وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت فەڕەنسا هەیەو هاوكات دەیەوێت وڵاتانی عەرەبیی كەنداو رازیی بكات بەپشتیوانیی لە تەلئەبیب.

پێشتریش ئەنجومەنی ھاریکاری وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا رایانگەیاند؛ ئێران بە بەرنامەی موشەکی و هێرشی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوەتە هۆکاری سەرەکیی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە.

رۆژی سێشەممە ئەمیرعەلی حاجی زادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران دروستکردی موشەکی (کڕوزی پاوە)ی ئاشکرا کرد و رایگەیاند ئەو موشەکە توانەی بڕینی مەوادای هەزار و 650 کیلۆمەتری هەیە.

حاجی زادە وتویەتی؛ ئێران توانای موشەکییان بەرز کردوەتەوە و دەتوانێت پێگە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دوریی دو هەزار کیلۆمەتر بکاتە ئامانج و تەنانەت وەک رێز بۆ ئەوروپا سنوی دو هەزار کیلۆمەتری موشەکەکانم دیاریی کردوە و هیوادارین ئەوروپا رێزی خۆیان بگرن.

نزیکەی یەک مانگە هێرشەکانی ئیسرائیل لە سوریا  و تەنانەت ناوخۆی ئێران زیادی کردوە و پێدەچێت ئاشکراکردنی موشەکی نوێ و ئامادەباشیی تۆڕی سیستمی بەرگریی ئێران  وەک کاردانەوەیەک بێت بە ئەگەری بەرفراونبونی هێرشەکانی سەری .

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار