دوای نقوومبوونی بهلهمێكی كۆچبهران سەرۆکی کۆمیسیۆنی یهكێتی ئەوروپا داوای پێداچوونهوه به مافی پهنابهرێتی دهكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای ئهوهی ئهمڕۆ له كهناراوهکانی ناوچەی کالابریا لە باشووری ئیتاڵیا، بهلهمێكی كۆچبهران نقوم بوو و بەهۆیەوە لانیكهم 40 كهس گیانیان لهدهستدا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یهكێتی ئەوروپا رایدهگهیهنێت، پێویسته ئهوروپا به یاسای مافی پهنابهرێتیدا بچێتهوه.
بەیانیی ئەمڕۆ بەلەمێک لە کەنارە ئاوییەکانی ئیتاڵیا ژێرئاو کەوت و تاوەکو ئێستا لانیکەم 40 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە. بەگوێرەی میدیای وڵاتەکە، تاوەکو ئێستا لانیکەم تەرمی 28 کەسیان دۆزراونەتەوە و تەرمی 12 کەسەکەی دیکە نەدۆزراوەتەوە؛ 40 کەسی دیکەش رزگارکراون دوای ئەم ڕوداوە ئۆسۆلا ڤۆندێرلاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی یهكێتی ئەوروپا، داوای پێداچوونهوه یبه مافی پهنابهرێتی کرد.
یاسا نوێیەکانی ئیتاڵیا کەشتیی هاوکاریی کۆچبەران ناچار دەکەن لە یەک کاتدا تەنیا یەک هەوڵی رزگارکردنی کۆچبەران بدەن. ئەوەش لەلایەن رەخنەگرانی حکومەتە راستڕۆکەی ئیتاڵیاوە وەکو هۆکارێکی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کۆچبەران لێکدەدرێتەوە.
بەرپرسانی ئیتاڵیا هۆکاری ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "زۆر سەرنشینی هەڵگرتبوو و بەهۆی شەپۆلە تووندەکانەوە بووەتە دوو پارچەوە". هاوکات میدیاکانی ئیتاڵیا باس لەوە دەکەن، لەسەر یەختەکە 150 بۆ 250 کۆچبەر هەبوون و تا ئێستا نزیکەی 40 کەسیان رزگارکراون.
ئەم "تراژیدیایە" لەکاتێکدایە کە حکومەتە راستڕۆکەی ئیتاڵیا تاوەکو دێت رێکارەکان لەسەر کۆچبەران تووندتر دەکات.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 16 هەزار و 601 کۆچبەر لە رێگەی دەریای نێوەڕاستەوە چوونەتە ئەوروپا و لانیکەم 195 کەس لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە یانیش بێسەروشوێن بوون.
لە ساڵی 2022شدا، بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، 159 هەزار و 410 کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەوروپا و هەزار 953 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.