ئۆکراینا: ''رووسیا دوێنێ ١٤ هێرشی مووشەکیی و ١٩ هێرشی ئاسمانیی ئەنجامداوە''
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا بڵاوی کردەوە کە سوپای رووسیا دوێنێ ١٤ هێرشی مووشەکیی و ١٩ هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر وڵاتەکەی.
لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا، پێشهاتەکانی جەنگی بڵاوکردەوە و ئەوەی خستووەتەڕوو کە رووسیا هێرشەکانی بۆسەر کوپیانسک، لیمان، باخموت، ئاڤدیڤکا و شاهتێرسک چڕکردووەتەوە و سەربازانی ئۆکراینا ٧١ هێرشی رووسەکانیان تێکشکاندووە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە هێزەکانی رووسیا بۆ دیاریکردنی ئامانجەکانیان بە بەردەوامی لە ئاسمانەوە پشکنین دەکەن و هاتووە ''سوپای رووسیا دوێنێ ١٤ هێرشی مووشەکیی و ١٩ هێرشی ئاسمانیی ئەنجامداوە. لەڕێگەی سیستمەکانی مووشەکهاوێژەوە ٥٧ جار بۆردومانی کردووە. هاووڵاتییانی مەدەنی زیانیان بەرکەوتووە و برینداربوون''.
ئەوەش ئاشکرا کراوە کە هێزەکانی ئاسمانیی ئۆکراینا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٢ هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ناوچانەی چەکەکانی سەربە سوپای رووسیای لێن، هەروەها سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی رووسیایان خستووەتە خوارەوە، یەکەکانی تۆپهاوێژیش دوو ناوچەی کۆبوونەوەی یەکەکانی رووسیا و شوێنی راداریان لەناوبردووە.