لە هێرشێکی خۆکوژیدا لە پاکستان نۆ پۆلیس کوژران
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە هێرشێکی خۆکوژیدا ئەمڕۆ دوشەممە بۆسەر ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس لە هەرێمی بەلوچستان باشووری رۆژئاوای پاکستان، نۆ پۆلیس کوژران و ١١ی دیکەش برینداربوون.
عەبدولحەی عامر، بەرپرسی پۆلیس لە شاری کاچیی باشووری رۆژئاوای پاکستان بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، "خۆکوژەکە ماتۆڕێکی لێدەخوڕی و لە پشتەوە خۆی بە ئۆتۆمبێلێکدا کێشاوە" کە پۆلیسی دەگواستەوە
وتیشی ،رووداوەکە لە شارۆچکەی داداری سەر بە پارێزگای بەلوچستان روویداوە، کە 120 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای بەلوچستانی وڵاتەکەوە دوورە.
هەرچەندە تائێستا هیچ کەسێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوە خۆکوژییەکە رانەگەیاندووە، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "تیرۆری بەلوچستان بەشێکە لە ئەجێندایەکی شەڕانگێزانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی وڵات."
هاوکات مانگی رابردوو لە ئەنجامی هێرشێکدا بۆ سەر کۆمەڵگەیەکی پۆلیس لە کاراچی، پێنج پۆلیس کوژران. ئەوەش چەند هەفتەیەک دوای تەقینەوەی مزگەوتێک لە شاری پیشاوەر هات، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەروو 80 پۆلیس.