وۆڵ ستریت جۆرناڵ: "پنتاگۆن گومان دەکات بەرزکەرەوەکانی چین بۆ کاری سیخوڕی بەکاربهێندرێن"
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دوێنێ یەکشەممە هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەوە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، پێیوایە چین کاری سیخوڕی بەو ئامێری بەرزکەرەوانە دەکات کە لە بەندەرەکانی ئەمریکادا بۆ گواستنەوەی بار، بەکاردەهێندرێن.
ئەو ڕۆژنامەیە بڵاویکردۆتەوە کە بەشێک لە بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەی و پنتاگۆن، ئەو بەرزکەرەوانە بە "ئەسپەکەی تەڕوادە" وەسف دەکەن و پێیانوایە کە هەستەوەری تایبەت لەو بەرزکەرەوانە بەستراون کە دەتوانن چاودێری بارەکان بکەن و شوێنی گەیشتنیان بخەمڵێنن.
ئەمەش دوای ئەوەهات وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە چواری شوباتدا و بە فەرمانی جۆ بایدن، باڵۆنێکی بەرزەفڕی چینی خستەخوارەوە کە گومان دەکرا باڵۆنێکی تایبەت بە کاری سیخوڕی بێت، هەروەها بەهۆی نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە ئاسایشی نەتەوەیی لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیک تۆک قەدەغە کرا کە دروستکراوی وڵاتی چینە.
لە هەواڵەکەدا وەڵامی بەرپرسێکی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن، بۆ ئەو بابەتە خراوەتەڕوو کە باسی لەوە کردبوو نیگەرانییەکانی واشنتۆن لە بەرزکەرەوەکانی چین لە ئەمریکا، هەوڵێکی "شێتانە"یە بۆ رێگریکردن لە هەماهەنگی بازرگانیی و ئابووریی نێوان هەردوو وڵات، ئەمەش زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەگەیەنێت.
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە کۆمپانیای "ZPMC"ی چینی کە گەورەترین کۆمپانیای تایبەت بە بەرزکەرەوەیە لەسەر ئاستی جیهان و ماوەی ٢٠ ساڵە لە ئەمریکا چالاکی هەیە، لەگەڵ کۆمپانیای "Microsoft Corp" کار دەکات. لە هەواڵەکەدا ئەوەش ئاشکرا کراوە کە بەرپرسانی کۆمپانیاکە هیچ روونکردنەوەیەکیان دەربارەی ئەو دەنگۆیانە نەخستووەتەڕوو، بەرپرسانی ئەمریکاش هیچ بەرزکەرەوەیەکیان نەدۆزیوەتەوە کە بۆ کاری هەواڵگری بەکارهێندرابێت.
بەڵام وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بانگەشەی ئەوە دەکات ساڵی ٢٠٢١ لە بەندەری بالتیمۆر لە میانەی پشکنینی کەشتییەک کە ئامێرە بەرزکەرەوەکانی کۆمپانیای "ZPMC"ی دەگواستەوە، هەندێک کەلوپەلی تایبەت بە کاری هەواڵگری دۆزراونەتەوە.