پوتین: ڕوسیا چەکی ئەتۆمی لە بیلاڕووس جێگیر دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا دوێنێ شەممە ڕایگەیاند، ڕووسیا چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بێلاڕوس جێگیر دەکات.
ئاژانسی هەواڵی ڕیوتەرز بڵاویکردەوە سەرۆکی ڕوسیا بڕیاری جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی لە بیلاروس داوە وەک ناردنی ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ناتۆ لەسەر بەردەوامی پشتگیری سەربازیان بۆ ئۆکرانیا و پشتگیریکردنی بەردەوامی ڕۆژئاوا.
پوتین ئاماژەی بەوەشکردوە ، ئەو هەنگاوە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەکانی نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی نابێت و بەراوردی کردووە بە جێگیرکردنی چەکەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا.
ویلایەتە یەکگرتووەکان زلهێزەکەی دیکەی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا بە وریایی کاردانەوەی پیشانداوە بەرامبەر بە لێدوانەکەی پوتین، بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتەکە دەڵێت هیچ نیشانەیەک نییە کە مۆسکۆ پلانی دانابێت چەکە ناوکییەکانی بەکاربهێنێت.
پوتین لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ تەلەفیزیۆنێکی وڵاتەکەی باسی لەوەشکرد، ڕووسیا کۆنترۆڵ بۆ بیلاروس ناگوێزێتەوە ،بەڵام ئەمە لەوانەیە یەکەم جار بێت لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە کە ڕووسیا لە دەرەوەی وڵات ئەو جۆرە چەکانە جێگیردەکات .
وتیشی "لێرەش هیچ شتێکی نائاسایی نییە، یەکەم، ئەمریکا بۆ دەیان ساڵە ئەم کارە دەکات "، دەشڵێت کە ئەمریکا ماوەیەکی زۆرە چەکی ئەتۆمی تاکتیکی خۆیان لە خاکی وڵاتە هاوپەیمانەکانیان بڵاوکردۆتەوە.
هەروەها ڕووسیا لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە مەشق و ڕاهێنان بە تیمەکانی کارپێکردنی ئەو چەکانە دەکات.
هاوکات لە وڵامی ئەم بڕیارەدا ئۆلیکسی دانیلۆڤ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرگری ئۆکرانیا ڕۆژی یەکشەممە ئەمەی بە بە "هەنگاوێک بۆ ناسەقامگیری ناوخۆیی" بیلاروسی ناوبرد و گوتی" پلانی ڕوسیا بۆ جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە بیلارۆس ئەو وڵاتە ناسەقامگیر دەکات کە لەلایەن مۆسکۆوە بارمتە گیراوە."
هاوکات شیکەرەوەکان لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوە لە جەنگ (ISW) وتیان کە مەترسی دروستبونی جەنگی ئەتۆمی تا ئێستا "زۆر نزم ماوەتەوە".
بەڵام کەمپینی نێودەوڵەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەکی ناوکی، ڕایگەیاند، بڕیارەکەی پوتن مەترسی دروستبونی جەنگی ئەتۆمی بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا دەبات .
لە 24ی شوباتی 2022دا ڕوسیا هێرشی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و دوای 13مانگ تا ئێستا بەردەوامە .