کۆتایی گورگێکی باران دیتە

2 ساڵ لەمەوپێش



گەر گورگێك تەڵە بناسێتەوەو خۆی لێ نەدات و تەڵەتەقێنی بكات لەزمانی كوردیدا پێی دەوترێت «گورگی باران دیتە». زۆر جار بەمرۆڤی خاوەن ئەزموونیش دەوترێت گورگی باران دیتە یان باران دیدە. من لێرەدا گورگی باران دیتە بەمانا نەرێنییەكەی بەكاردەبەم.

ماوەی بیست ساڵ زیاترە بۆرە گورگێكی رەگەزپەرستی باران دیتە لەپێستی فاشیزمی ئیسلامی سیاسییدا سەدان تەڵەی تەقاندووە بەبێ ئەوەی هیچ یەكێكیان خۆی بگرێت. دەیان داوی دەرەكی و ناوەكی بۆ نرایەوە بەڵام چونكە داودۆز بوو پێوە نەدەبوو. هۆكاری پێوەنەبوونیشی راستگۆیی لەمەبدەئەكانیدا نەبوو، بەڵكو پراگماتیی بوونەكەی لەسەرێكەوە لەپێناو كورسییەكەیدا كڕنووشی لەبەردەم هەموو دیكتاتۆرێكدا پێ دەبردو لەسەرێكی دیكەشەوە كەڵبەكانی ئەوەندەی دیكە دژی نەیارە بێ باڵ و بێ نینۆكەكان پێ تیژتر دەكردەوە.

گەر بشێت بەوشەیەك وەسفی ئاردۆغان بكرێت لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا دەشێت پێی بڵێین گورگێكی باران دیتەیە، هاوشێوەی سەددامی كۆتایی هەشتاكان و سەرەتای نەوەدەكان كەسێكی پراگماتییە. جیاوازی كەسی پراگماتی لەگەڵ كەسی خاوەن دیدو تێڕوانینی سیاسیی ئەوەیە: كەسی پراگماتی هەموو شتێك لەپێناو سوودو بەرژەوەندی خۆی یەكلایی دەكاتەوە، ئەگەر چی بەزیانی سیستمەكەش كۆتایی بێت. قەواعیدێكی ئەخلاقی و سیاسیی جێگیری نییە بۆی بگەڕێتەوە وەك مەرجەع، روانینی ستراتیژیشی نییە بۆ داهاتوو ئەوەی پاڵی پێوەدەنێت كارێك بكات دۆخە هیسترییەكەی نێو ناخی خۆی و بەرژەوەندییەكانی خۆیەتی.

زۆر بەسانایی دەشێت لەڕێگای نموونەكانی دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری كێشەی كوردو پەشیمان بوونەوە لێی، دەركردنی هاوڕێ نزیكەكانی خۆی لەحزب و حكومەت، دەستگیركردنی سەرانی ئەرگەنەكۆن و دەوڵەتی قوڵ و دواتر بادانەوە بەلایانداو ئازادكردنیان، دانووستانەكانی ئۆسلۆ لەگەڵ پەكەكەو دواتر پەشیمانبوونەوە لێی، هەڵگیرساندنی شەڕی نێوخۆیی سوریاو دواتر دەستدرێژكردن بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەشار ئەسەد، خستنەخوارەوەی فڕۆكە سیخوڕییەكەی روسیاو دواتر دەستماچكردنی ڤلادمێر پوتن و..هتد لەپراگماتیبوون و بێ روئیایی ئاردۆغان تێبگەین. ئەوەی دەردەكەوێت هەر ئەم دۆخە پراگماتییەیەتی لەم هەڵبژاردنەدا وادەكات بدۆڕێت، چیدی گەلانی توركیا باوەڕ بەگورگێكی باران دیتە ناكەنەوە.

 

هەڵهاتوانی باخچەی پشتەوەی كۆشك!

فرێزی راكردن لەباخچەی پشتەوە فرێزێكە نەجمەددین ئەربەكان كە لەدژی سێكوچكەی ئاردۆغان، بوڵەنت ئارنچ و عەبدوڵا گویل دامەزرێنەرانی ئاكەپە دایهێنا. ئەربەكان پێی وابوو سێكوچكەی ئاردۆغان بەدروستكردنی ئاكەپە خیانەتیان لەمیللی گۆروش» روانینی میللی» كردووەو لەباخچەی پشتەوە رایانكردووە. هەفتەی پێشوو ئێمە گوێبیتی دوو ناو بووین كە ئاردۆغان وەك دەستبردن بۆ چڵەپووشی پێش خنكان تەشەبووسی پێكردبوون تا بێنەوە نێو ئاكپارتی سا بەڵكو كەمێك كەتیرە لەئاودزی ئەم كەشییە بدەن و كەمێك لەئاوی نێو ئەم كەشتییەی لەگەڵ بكەنە دەرەوە تا ئەوەندی دەگاتە كەنارێكی ئارام. بەڵام ئەم دووناوە بەپێچەوانەی پێشبینییەكانی ئاردۆغانەوە هەریكەو بەبیانوویەك داواكارییەكەی ئاردۆغانی رەتكردەوە.

كەسی یەكەم وەزیری دارایی پێشووتری ئەو وڵاتە محەمەد شیمشەك بوو. شیمشەك ئیكۆنۆمیستێكی زیرەكی ئابووری و قەواڵە ماڵی و داراییەكانە. كوردەو خەڵكی باتمانە. لەپاش دەستلەكاركێشانەوەی ئەندازیاری هەستانەوەی ئابووری توركیا: عەلی باباجان، لەكابینەكانی خودی ئاردۆغان و ئەحمەد داودئۆغڵو و بن عەلی یڵدرمدا بۆماوەی زیاتر لەپێنج ساڵ دەبێتە جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دارایی و ئابووری توركیا.

شیمشەك هەمیشە لەبەرامبەر باباجانەوە ناوێكی دیارو ئاشنا بووە. بەهۆی ئەوەی شیمشەكی شك دەبرد ئاردۆغان زۆر باكی بەدەستلەكاركێشانەوەی باباجان نەبوو. ئێستا شیمشەك لەلەندەن وەك راوێژكاری ئابووریی بانكی كاردەكات. هەفتەی پێشوو ئاردۆغان داوای لێكرد جارێكی دیكە بگەڕێتەوە توركیا و سۆزی ئەوەی پێدا كەبیكاتە جێگری سەرۆككۆمارو  بەرپرسی دێسكی ئابووری هەموو وڵات و وەزیری خەزێنە، بەڵام شیمشەك بەنەخێرێكی گەورە ئاردۆغان و ئاكەپەی شۆككردو لەباخچەی پشتەوە بەبیانووی كار هەڵهاتەوە بۆ لەندەن.

ئاردۆغان پێی وابوو بەدانانی شیمشەك لەبەرامبەر عەلی باباجانەوە دەتوانێت گورزێك لەهاوپەیمانی میللەت بوەشێنێت و لەڕێگەی شیمشەكەوە شەڕی یەكێك لەنەیارە سەرسەختەكانی خۆی كە عەلی باباجانە بكات، بەڵام شیمشەك نائومێدی كردو بەبیانووی كار گەڕایەوە لەندەن.

كەسی دووەم كە ئاردۆغان داوای لێكرد خۆی و پارتەكەی وەك هاوپەیمانی نێو هاوپەیمانیی ئاكەپە/مەهەپە بناسێنن فاتیح ئەربەكان بوو. فاتیح ئەربەكان كوڕی نەجمەدین ئەربەكانی باوكی ئیسلامی سیاسییە لەو وڵاتەدا.

بەگوێرەی پێگەكەی باوكی، فاتیح ئەربەكان ئەمڕۆ ناوێكی قەبوڵكراوی نێو ساحەی موحافیزكارانی توركیایە، ئاردۆغان دەیویست لەڕێگەی فاتیح ئەربەكانەوە شەڕی تەمەل كارامائۆغڵوی سەرۆكی پارتی سەعادەت بكات كەئەمڕۆ هاوپەیمانێكی پێنج قۆڵیی میللەتە بەسەركردایەتی كڵچدار ئۆغڵو.

بۆ ئەم مەبەستە ئاردۆغان پێشنیاری كاندید بوون و گارانتی دەرچوونی فاتیح ئاربەكانی كرد بۆ پەرلەمانی ئەو وڵاتە. بەڵام نەخێری فاتیح ئەربەكان بۆ ئەم داوایەی ئاردۆغان لەیەك هەفتەدا جارێكی دیكە ئاردۆغانی بەشێوەیەك  شۆككرد تەنانەت نەیتوانی بەیاننامەیەكی فەرمیش سەبارەت بەو باسە دەربكات.

هەڵهاتنی شیمشەك و ئەربەكان هەمان سیناریۆی هەڵهاتنی خودی ئاردۆگان و هاوڕێكانی لەباخچەی پشتەوە ماڵەكەی رەفاو ئەربەكانی باوك بەبیر دەهێنێتەوە. ئەمڕۆ كەشتییەكەی ئاردۆغان بەشێوەیەك كون نەبووە خەڵك ئارەزووی مانەوە بكەن تێیدا. ئەوەی لێی دەرچووە نایەوێت جارێكی دیكە بگەڕێتەوە نێوی، ئەوەشی لەنێویدایە لەدەرفەتێك دەگەڕێت لێی دەرچێت. لەئێستادا بوارێك بۆ نوقوم نەبوونی ئەم كەشتییە نەماوەتەوە، ئەوەی لەنگەری ئەم كەشتییەی راگرتووە تەماع و پارە و كۆمەڵێ بندیواری نێو بیرۆكراسی و دەوڵەتن، هیچ باوەڕێكی جێگیر جگە لەبەرژەوەندی نەیبەستوونەتەوە بەئاردۆغانەوە.

 

ئاردۆغان دڵنیایە كەدەدۆڕێت!

لەبیست ساڵی رابردوودا ئەمە بۆ جاری یەكەمە ئاردۆغان پێش چوونە هەڵبژاردنێك سەد لەسەد دڵنیایە لەوەی كە دەدۆڕێت، بەدەر لەگزیكاری و شەڕی نێوخۆیی و دروستكردنی ئارێشەی نێوخۆیی و كەیئۆس بوارێك نەماوەتەوە ئاردۆغان لەسەر كورسی سەرۆكایەتی بهێڵێتەوە. بۆیاخكردنەوەی پێڵاوە كۆنەكان، ماكیاجكردنی دەمووچاوە چرچەكان، شتنەوەی دەستەكان ئیدی لەمەبەدوا سوودی ئاردۆغان و ماڵباتەكەی نابێت.  گەر شیمشەك و ئەربەكانیش بەڵێیان بۆ ئاردۆغان بكردایە مەسەلەكە زۆر نەدەگۆڕا، ئەوان چڵەپووشی پێش خنكان بوون، كارێكیان لەدەسست نەدەهات بیكەن. هەرچەندە خۆشیان نەدا بەدەستەوە بەڵام نەخێری ئەو دوانە وەك دوو زلەی زۆر تووند بوون نێوچاوانی ئاردۆغان و كابووسەكەی ئەوەندەی دیكە بۆ ئاردۆغان قوڵكردەوە و لەسەرێكی دیكەشەوە خۆیان لەئاگری دۆڕان و بەسوتماكبوونی حەزەكانی ئاردۆغان پاراست.

 

نەورۆزی ئامەدو داخستنی هەدەپە!

هەفتەی رابردوو رێوڕەسمەكانی نەورۆزی ئامەد هاوكات بوون لەگەڵ رەتكردنەوەی دادگای باڵای دەستووری ئەو وڵاتە سەبارەت بەداوایەكی هەدەپە بۆ دواخستنی پرسی دادگاییكردنەكەی بۆ پاش هەڵبژاردنەكانی 14ی مایس، بەڵام دادگای دەستووری داواكەی هەدەپەی رەتكردەوە.ئەوەی جێی سەرنج بوو وەك ساڵانی پێشوو جۆش و خرۆشی نەورۆز لەئامەد بەدینەدەكرا، هاوكات كەمتر هوتافی ئۆجالان و پە-كە-كە دەوترانەوەو كەمتریش بڕۆشۆری ئۆجالان بەرزدەكرایەوە بەراورد بەساڵانی رابردوو. من ئەمە بۆ دوو هۆكار دەگێڕمەوە، یەكێكیان دەشێت هەدەپە وەك رێزێك بۆ بومەلەرزەكەی باشووری خۆرئاوای ئەو وڵاتە نەیوستبێت هەست و شعوری خەڵك بریندار بكات بەگێڕانی ئاهەنگی پڕ لەخرۆشی ملیۆنی، دووەم كەمتر بیانوو بدەنە دەست ئاردۆغان و سوپاكەی لەپۆلیس و دادگاو میدیا زەبەلاحەكانی سەبارەت بەداخستنی هەدەپە.

 

دەرگایان لێدەگرن لەپەنجەرەوە دێنەوە

پارتی دیموكراتی گەلان/هەدەپە بەئەگەری زۆر دادەخرێت، كوردانی توركیا زیرەكانی هەر لەڕێوە پارتێكی نوێیان بەناوی پارتی سەوزی چەپ YSP وەك بەدیل و  یەدەكی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنەكان سەرڕێ خست. هەدەپە دابخرێت یان نا كورد لەتوركیا لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز دەچێتە هەڵبژاردنەكانەوە. لەنوێترین لێدوانیشیدا سەڵاحەدین دەمیرتاش لەتویتەر رایگەیاند بەهەموو توانای خۆی پشتگیری لەپارتی چەپی سەوز YSP دەكات و داوای لە هەوادارانی هەدەپەو پەڕەكەی خۆی لەتویتەر كرد كە لانی كەم سەد بەربژێر لەبەربژێركراوانی پارتی چەپی سەوز YSP بنێرنە پارلەمان. هاوكات لەوەڵامدا ئاردۆغان پارتی YSP ی وەك باڵێكی سیاسی و درێژكراوەی رێكخراوی «تیرۆریستی» پە-كە-كە ناوزەد كردو كەمال كڵچدارئۆغڵوی بەربژێری سەرۆكایەتی هاوپەیمانی میللەت بەوە تۆمەتبار كرد كەچووەتە نێو یاری تیرۆریستەكانەوەو هەرگیز قەبوڵی ناكەن پرۆتیرۆرستێك ببێتە سەرۆككۆمارو ئەم ناتوانێت كلیلەكانی كۆشكی سەرۆكایەتی بداتە كەسێك كە لەگەڵ تیرۆریستان هاوپەیمانی دەبەستێت و چاوساغیانە بۆ دروستكردنی پارت و جوڵانەوەی نوێ بۆ راكردن لەبڕیاری دادگای دەستووری. ئاردۆغان بەڕوونی گوتی هاوپەیمانییەكەی كڵچدارئۆغڵو پێنج قۆڵی نییە بەڵكو شەش قۆڵییە، قۆڵێك تیرۆریستانن و لەژێر مێزەكەدان، كەی پێویستی كرد دێنەوە سەر مێزەكە.

 

سوپرایزی حەسەن جەمال وەك بەربژێری YSP

یەكێك لەسوپرایزەكانی YSP بەربژێركردنی رۆژنامەنووسی دیموكرات و ئازادیخوازی تورك حەسەن جەمال بوو بۆ پەرلەمانی توركیا. حەسەن جەمال نێوان ساڵانی 1982-1992 و بۆ ماوەی 10 ساڵ سەرنووسەری رۆژنامەی جمهورییەت و ماوەی زیاتر لەشەش ساڵیش سەرنووسەری رۆژنامەی سەباح بووە، دواتر بوو بەسەرنووسەری رۆژنامەی میللییەت. لەسەردانێكیدا بۆ دوورگەی ئیمرالی بۆلای عەبدوڵا ئۆجالان و نووسینی ستونێك لەبارەی ئۆجالانەوە، كەوتە بەر قەهرو تووڕەیی ئاردۆغان. رۆژنامەكە نەیهێشت دیدارەكەی ئۆجالان بڵاوبكاتەوە و بەفەمانی ئاردۆغان سەرۆكوەزیرانی ئەو دەمەی وڵات كارەكانیشی وەك سەنووسەرو ستون نووس لەڕۆژنامەكەدا هەڵپەسێردراو دواتر دەركرا. حەسەن جەمال نەوەی جەمال پاشایە، جەمال پاشا یەكێك بووە لەو سێ جەنەراڵەی لەجەنگی جیهانی یەكەمدا سوپای خیلافەتی عوسمانییان بەڕێوە بردووە. حەسەن جەمال یەكێكە لەو توركانەی بەناوی بنەماڵەكەی خۆیانەوە داوای لێبووردنی لەگەلی ئەرمینیا كردووە و پێی وایە باپیری ئەم هۆكارێكی ئەو جینۆسایدەبووە كە بەسەر ئەرمەنییەكان هاتووە. چەند كتێب و بڵاوكراوەیەكی هەیە گرنترینیان كتێبی «كوردستان لەڕۆژانی چارەسەیری ئاشیدا» یە كە لەساڵی 2014 بڵاویكردەوە و باس لەقۆناغی چارەسەری ئاشتید گەلی كورد دەكات كەئاردۆغان چەند ساڵێك پێشتر دەستی پێكردبوو. لەئێستادا جەمال سەرنووسەری سایتی T24ەو هەر لەو سایتەشدا هەفتانە ستوونە سیاسییەكانی خۆی بڵاودەكاتەوە. لەئێستادا حەسەن جەمال بەربژێری پارتی سەوزی چەپ «هەدەپە»یە بۆ گەیشتن بەپەرلەمانەكەی ئەنكەرە.

 

 

 

 

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار