وەزیری ناوخۆی بەریتانیا: ڕواندا وڵاتێکی پارێزراوە بۆ پەنابەران
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا سوێلا برێڤەرمان دەڵێت باوەڕی بەوە هەیە ڕواندا وڵاتێکی سەلامەتە بۆ نیشتەجێکردنەوەی ئەو پەنابەرانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، بەڵام ڕەتی کردەوە هیچ کاتێکی دیاریکراو دانرابێت بۆ ناردنی یەکەم وەجبەی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتە.
حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت هەزارەها پەنابەر بۆ دوری زیاتر لە 6500کم (4000 میل) دوور بخاتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا وەک بەشێک لە مامەڵەیەکی 120 ملیۆن پاوەندی (148 ملیۆن دۆلار) ،وەک چارەسەرێک بۆ ڕێگریکردن لەو پەنابەرانەی کە لە فەرەنسا بە بەلەمی بچووکەوە لە کەناڵی ئینگلیزی دەپەڕنەوە بۆ بەریتانیا.
براڤێرمان لەلایەن لۆرا کوێنسبێرگ، پەیامنێری بی بی سی پرسیاری لێکرا سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکی توندوتیژی لەسەر بەشەخۆراک لە کەمپێکی ڕواندا لە ساڵی 2018دا، کە پۆلیسی ڕواندا ڕایگەیاندبوو کە لانیکەم پێنج پەنابەر گیانیان لەدەستداوە.
لەو وەڵامدا گوتی ئاشنای ئەو کەیسە نییە بەڵام "لەسەر بنچینەیەکی بەهێز" کە دەڵێت ڕواندا وڵاتێکی سەلامەتە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوە چارەسەرێکی دروستە بۆ کێشەی گەیشتنی پەنابەران بە بەلەمی بچووک بۆ بەریتانیا.
لە وڵامێکی پرسیاری بێژەرێکی سکای نیوسیشدا گوتی "ئێمە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو سەبارەت بە پرسی ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا سەرکەوتنێکی زۆر بەهێزمان لە دادگای باڵا هەبوو. ئێمە ئێستا یاسادانانمان ناساندووە ئێمە دەمانەوێت بە خێرایی بجوڵێین بۆ گواستنەوەی خەڵک لە بەریتانیاوە بۆ ڕواندا.
پلانەکە لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوو ڕاگەیەندرا، بەڵام یەکەم گەشتی فڕۆکەوانی ناردنی یەکەم کۆمەڵەی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتە بە فەرمانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ڕاگیرا.
هاوکات دادگای باڵای لەندەن لە مانگی دوازدە بڕیاریدا کە پلانەکە یاساییە، بەڵام بەرهەڵستانی بڕیارەکە هەوڵدەدەن پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت.