گۆدیا .. یەكەمین پێغەمبەر لەمێژوودا
2 ساڵ لەمەوپێش
دەشتی مەحموود
لەكتێبی (مێژوو لەسۆمەرەوە دەستپێدەكات: سی و نۆ یەكەمینەكان لەمێژووی تۆماركراودا:١٩٥٦)، سامویل نوح كرەیمەری سۆمەرناس، سی و نۆ «یەكەمینەكان» كە لەمیزۆپۆتامیاوە سەریانهەڵداوە دەژمێرێت، لەوانە، یەكەمن خوێندنگا، یەكەمین مێژوونوس، یەكەمین ‹موسا›، یەكەمین ‹ئەیوب›، یەكەمین لایەلایە، یەكەمین لافاوی مەزن و ‹نوح› و هتد... لەبەر ئەمە، مایەی سەرسوڕمان نییە كەیەكەمین پێغەمبەریش لەمێژوودا هەر لەم ناوچەیەدا دەركەوتبێت.
ناوی گۆدیا بەسۆمەری بەواتای «وەرگری ئاشكراكردن» دێت واتە كەسێ كە خواوەند بانگی كردووە، «وەحی وەرگر» بەواتایەكی تر «پەیامبەر/پێغەمبەر.» بەبڕوای هەندێ لەلێكۆڵەرەوان هەر ناوی «Gudea-گۆدیا»یە كەدواتر لەهەندێ زمانی ئەوروپیدا دەبێت بەوشەی «God-گۆد/خوا».
گۆدیا شازادەیەكی سۆمەری بوو، فەرمانڕەوای دەوڵەت-شاری لاگاش لەباشووری میزۆپۆتامیا، كە لەنزیكەی ساڵانی ٢١٤٤-٢١٢٤ پێش زایین فەرمانڕەوایی كردووە. بەپێی بڕوای مێژوونووسان بەپشتبەستن بەبەڵگە شوێنەوارناسییەكانەوە، رەنگە لەبنەڕەتدا گۆدیا خەڵكی شاری لاگاش نەبووبێت، بەڵام لەگەڵ نینالای كچی فەرمانڕەوای شارەكە ئوربابا (٢١٦٤-٢١٤٤ پێش زایین)ـی لاگاش هاوسەرگیری كردبێت، بەم شێوەیە چووەتە ناو بنەماڵەی شاهانەی لاگاش و بووە بەفەرمانڕەوای شارەكە. لەدوای گۆدیا، ئور-نینگیرسۆی كوڕی شوێنی گرتووەتەوە. سەردەمی فەرمانڕەوایی گۆدیا لەكاتێكدا بووە كەناوەندی سومەر لەلایەن بنەماڵەی دەسەڵاتداری گۆتییەكانەوە فەرمانڕەوایی كراوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، لاگاش سەردەمێكی زێڕینی هەبووە و بڕوا وایە كە نزیك بەتەواوەتی سەربەخۆبووبێت لەژێر فەرمانڕەوایی گۆتییەكان لەم سەردەمەی كە سۆمەر لەژێر هەژموونیاندا بووە.
ئاوێزەكانی گۆدیا
لەساڵی ١٨٧٧، لەناوچەی تێلۆ (گیرسۆ) كە نزیكەی ٢٥كم لەشاری لاگاش دوربووە، دوو شوێنەوارناسی فەڕەنسی هێنری دی جێنۆیلاك و ئاندرێ پارۆت، جووت ئاوێزەی سورەوەكراوەی قەبارە (درێژی:٦١/٦٥ پانی: ٣٢/٣٣سم) دۆزیەوە كە بەئاوێزەكانی گۆدیا ناسراون. مێژووی ئەم ئاوێزانە بۆ نزیكەی ٢١٢٥ پێش زایین دەگەڕێنەوەو لەسەریان ئوستورەی «ئاواكردنی پەرستگای نینگیرسو»ـی بەمێخی بەزمانی سۆمەری تۆماركراوە. شایەنی ئاماژەپێكردنە ئەم ئاوێزانە گەورەترین دۆزراوەن كە بەزمانی سۆمەری نووسراون و لەئێستادا لەمۆزەخانەی لۆڤەر، لەپایتەختی فەڕەنسا لەپاریس هەڵگیراون و بەرچاوخراون بۆ سەردانكەرانی مۆزەخانەكە. لەسەر ئاوێزەكان باسێكی وردی هاتنەخوارەوەی وەحی لەشێوەی خەوندا بۆ گۆدیا تۆماركراوەو لەخەونەكەدا نینگیرسوی كوڕی سەرجڤاتی خواكانی سۆمەر «ئینلیل» داوا لەگۆدیا دەكات، پەرستگای ئی-نینو لەشاری لاگاش ئاوابكات.
خەونەكەی (وەحی) گۆدیا
گۆدیا وەحیەكەی لەشێوەی خەوندا پێدەگات، و لەخەونەكەدا دەبینێت پیاوێكی زلی – باڵداری تاج لەسەر كەدوو شێر لە لاكانی كەوتوون دەبینێت – ئەم پیاوە فەرمانی پێدەكات پەرستگای ئی-نینو ئاوابكات. پاشان دوو مرۆی دیكە دەردەكەون: ژنێك كەمێخێكی زێڕینی بەدەستەوەیە، سا پاڵەوانێكیش دەبینێت كە تاتێكی لە مینا درووستكراوی بەدەستەوەیە كە نەخشەی خانوویەكی لەسەر دەكێشێت. پاڵەوانەكە خشتەكانی لەناو قاڵبێكی خشت و سەبەتەیەك، لەبەردەم گۆدیا دادەنێت، ئەمە لەكاتێكدا كەرێك لێنەبڕاوانە بە سمەكانی ئەرزەكە دەپەستێوێتەوە. بەڵام دوای ئەوەی لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر، گۆدیا خەبەری دەبێتەوە، دەپەشۆكێت و لەواتای خەوەكەی تێناگات. لەبەرئەمە، دواتر، گۆدیا هەڵدەستێت و گەشتێك دەكات بۆ لای نانشای مێخواوەندی دادپەروەری، خۆشگوزەرانی و لێكدانەوەی خەونەكان بۆ ئەوەی واتای خەونەكەی بۆ راڤە بكات.
دوای ئەوەی گۆدیا دەگاتە پەرستگای مێخواوەندەكە، دەست دەكات بەنزاو پاڕانەوە و دەڵێت: «من دایكم نییە، تۆ دایكمیت، من باوكم نییە، تۆ باوكمیت، تۆ تۆواوەكەمت وەرگرت و بەهەموو پیرۆزییەكەوە منت خستەوە.» ئینجا، دوای گێڕانەوەی خەونەكەی، نانشا خەونەكەی بۆ راڤە دەكات و گۆدیا ئاگادار دەكاتەوە كە دەبێت پەرستگایەك بۆ نینگیرسوی خواوەندی كشتوكاڵ، شیفا، نووسین، شەڕو راو ئاوا بكات.
بێگومان دواوی راڤەی خەونەكە، گۆدیاو بەیارمەتی خەڵكێكی زۆر لەهەموو ناوچەكانی میزۆپۆتامیاوە دەستدەكات بەبنیاتنانی پەرستگای ئی-نینو لەشاری لاگاش بۆ نینگیرسو. هەروەتر، لەسەر یەكێ لەپەیكەرەكانی گۆدیا ئاماژە بەئەوە كراوە كەخواوەندی سەرەكی شاری لاگاش، نینگیرسو لەنێوان ٢١٦ هەزار پیاوو خەڵكی ئەوكاتەدا، گۆدیای هەڵبژراردوە بۆ ئەوەی پەرستگاكەی بۆ ئاوابكا.
لەم دۆزراوە شوێنەوارناسییانەوە فێر دەبین كەئایین و دەقە پیرۆزەكانی دوای سۆمەر، لەژێر چ كاریگەرییەكی قوڵی یەزدانناسی سۆمەری و میزۆپۆتامیاییدان. ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، دەكرێت گەلێك لەناوبچێت، بەڵام ئەگەربێت و كەلتوورێكی بەهێزو تۆكمەی هەبێت ئەوا درێژە بەمانەوەو ژینی خۆی لەناو كەلتوورەكانی دوای خۆی دەدات.