بەریتانیا روبەڕوی تۆمەتی رەگەزپەرستی دەبێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بریتانیا روبەڕوی تۆمەتی رەگەزپەرستی دەبێتەوە، ئەوەش بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەو سودانیانەی کە هەڵهاتون و دەیانەوێت داوای ڤیزا بکەن بۆ چونە نێو خاکی بریتانیا، بەڵام پێیان نادرێت و رێگریان لێدەکرێت، ئەوەش بە پێچەوانەی هاوڵاتیانی ئۆکرانیاوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "زە گاردیانی" بریتانی، هاوڵاتیانی سودانی کە لە ئێستادا وڵاتەکەیان شاهیدی شەڕ و روبەڕوبونەوەی چەکداریە، دەرفەتی وەرگرتنی ڤیزای بریتانیایان پێنادرێت، ئەوەش لەکاتێکدا هاوڵاتیانی ئۆکرانیا کە بەهۆی هێرشی روسیاوە وڵاتەکەیان بەجێهێشت توانیان لە رێگەی ڤیزاوە بگەنە بریتانیا.
بریتانیا نزیکەی 300 هەزار ڤیزای بەو ئۆکرانیانە داوە کە لە وڵاتەکەیان هەڵاتون لەدوای هێرشی روسیا لە شوباتی 2022، لەو ژمارەیەش نزیکەی 193 هەزار ڤیزای لە مانگی ئازاری ساڵی 2022دا داوە، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەک لە دەستپێکردنی هێرشەکە.
بریتانیا تا ئێستا نزیکەی دو هەزار و 300 کەسی بە گەشتی ئاسمانی لە سودانەوە گواستوەتەوە، کە هاوڵاتی و خێزانەکانیان و سودانی و نەتەوەکانی تریشیان تێدایە، بەڵام پلانی بۆ هیچ گەشتێکی دیکە نییە.