حەوتەوانەی جڤاتی خواکانی سۆمەر
2 ساڵ لەمەوپێش
دەشتی مەحمود
سۆمەرییەکان دوای دانیشتوانی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس لەیەکەمینی ئەم کەلتورانە بوون کەچەندین پێوەریان پەرەپێدا کە بۆ پێناسەکردنی «شارستانیەت» بەکاردەهێنرێن. لەوانە، بیناسازیی، هونەر، ئەستێرەناسی، بیرکاری، هەروەها دابەشکاری کات لەسەر بنەمای ژمارە ٦٠ کە تائێستاش بۆ پێوانەکردنی چرکە و خولەک بەکاردێت، بەڵام رەنگە بەناوبانگترین میرات سیستەمی نووسینەکەیان بێت، کە لەڕێگەی تاتەقوڕینە دۆزراوەکانیانەوە دەرچەیەکمان بۆ دەکاتەوە بۆ ئاگاداربوون لەکەلتور، ئابوری، یاسا، ئەدەب، سیاسەت و ئاین و بیروباوەڕی سۆمەرییەکان.
لەدەوروبەری ساڵی ٣٥٠٠ پێش زایین، سۆمەرییەکان دەستیانکرد بەدروستکردنی شارە دیواردارەکان، لەوانە ئورک، کە پایتەختی شارستانیەت بوو. هەریەک لەو شارانە بینای گشتی و بازاڕو وەرشەو سیستەمی ئاوی پێشکەوتووی لەخۆگرتبوو و بەگوندو زەوی کشتوکاڵی دەورە درابوون. دەسەڵاتی سیاسی لەبنەڕەتدا هی هاووڵاتیان بوو، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی رکابەریی نێوان دەوڵەت-شارە جیاوازەکان، هەریەکەیان دامەزراوەی پاشایەتییان پەیڕەوکرد.
هەر دەوڵەت-شارە پێی وابوو لەژێر دەسەڵاتی خوداێک یان مێخودایەکی خۆجێیدایەو پەرستگاکانیان زاڵ بوون بەسەر تەلارسازی شارۆچکەکاندا. سۆمەرییەکان پێیان وابوو کەخوداەکانیان بەرپرسیارن لەهەموو ئەو بابەتانەی کەپەیوەندییان بەنەزمە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە.
ئاینی سۆمەری و حەوتەوانەی جڤاتی خواکان
ئایینی سۆمەری بەسروشت فرەخوایی بوو، سۆمەرییەکان ژمارەیەکی زۆر لەخوداو مێخودایان دەپەرست. ئەم خودایانە بەزۆری شێوەمرۆڤی بوون و نوێنەرایەتی هێزە سروشتییەکانی جیهان و گەردوون بوون؛ لەگەڵ ئەوەشدا خودای دوو رەگیان هەبوو کەنیمچە مرۆڤ و نیمچە ئاژەڵ بوو، جگە لەوەش خوداکانی وەکو ئیناناو ئینکی کە لەشێوەی مرۆڤدا بوون بەڵام ئەوەی یەکەم باڵی هەبوو و ئەوەی دووەم لەسەر شانەکانییەوە رووبار هەبوون. ئەمانەش رەمزاندنی دیاریکراو بوون کەمانای خۆیان هەبوو. هەروەها، هەندێک لەو خودایانە هاوتاکانیان لەئایینی گەلانی تری میزۆپۆتامیادا هەبووە، بەمشێوەیە، مەزەندە کراوە کەخوداکانی ناو جڤاتی خواکانی سۆمەری ژمارەیان سەدان یان تەنانەت هەزاران بووە. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک لەخوداو مێخوداکان بەشێوەیەکی بەرچاوتر لەئایینی سۆمەردا دەردەکەون و بەم پێیەش رەنگە بە خودا سەرەکییەکانی جڤاتی خواکانی سۆمەری هەژمار بکرێن.
ئان، گرنگترین خودا لەجڤاتی خواکانی سۆمەرییەکاندا (لەلای ئەکەدییەکان بەئانو ناسراوە). سۆمەرییەکان باوەڕیان وابوو کە ئان خودای ئاسمانە و سەرەتا بەپەروەردگاری ئاسمانەکان، یان خودای باڵای جڤاتی خواکانی سۆمەر دادەنرا. دواتر رۆڵی سەروەریی ئان یان هاوبەش بوو یان لەلایەن خوداکانی دیکەوە دەستی بەسەردا گیرا. سەرەڕای ئەوەش ئان لای سۆمەرییەکان گرنگی خۆی پاراست و هەر رێزیان لێدەگرت و دەیانپەرست. بۆ نموونە، کاتێک خوداکانی دیکە ناوبانگ و دەسەڵاتیان بەرز دەبووەوە، دەگوترا کە ئانۆتویان وەرگرتووە (کە رەنگە بە ‹دەسەڵاتی ئان› وەربگێڕدرێت)، بەم شێوەیە، دەردەکەوێت هەرچەندە خوداێکی دیکە وەک دەسەڵات جێگەی گرتبووەوە بەڵام پێگەی بەرزی ئان پارێزراو بووە.
ئینلیل، دووەمین پاشاخودای ناو جڤاتی خواکانی سۆمەرە. ئینلیل کوڕی ئان (ئاسمان) و کی (زەوی) هاوژینی بوو، خودای هەوا، با و باهۆز و زریان بوو. ئینلیل کە منداڵی خودای ئاسمان و مێخودای زەوی بوو، رۆڵی باوکی وەک پاشای خوداکان گرتە ئەستۆ. لەهەندێک گێڕانەوەی ئوستورەیی سۆمەریدا، ئینلیل وەک جۆرێک لەخوای ئافرێنەر وێنا کراوە. هاوسەرە سەرەکییەکەی نینلیل بوو کە مێخودای بای باشوور بوو و کوڕێکیان هەبوو ناوی نینورتا بوو. لەتەنیا چیرۆکی ئافراندنی سۆمەری کەماوەتەوە، دەگوترێت ئینلیل باوک و دایکی لەیەکتر جیاکردۆتەوە، بەم شێوەیە پەیدابوون ئاوابووە.
ئینکی یەکێکی تر لە خودا گرنگەکانی جڤاتی خواکانی سۆمەرییە. ئینکی لەلای ئەکەدیەکان و بابلییەکان بە ئیا ناسرابوو. سۆمەرییەکان ئینکییان بەژیری و جادووەوە پەیوەست دەکردو یەکێک بوو لەسێ خودا بەهێزەکانی ناو جڤاتی خواکانی سۆمەر. ئینکی بەئافرێنەری مرۆڤ دادەنرێت و لەدەقەکاندا شانازیی بەدروستکردنی مرۆڤایەتی دەکات، هەروەها بەپێی ئوستورە سۆمەریەکان هەر ئەم پارێزەری مرۆڤایەتی بووە. بۆ نموونە، ئەوە ئینکی بوو کە زیسودرای ئاگادار کردەوە سەبارەت بەلافاوە مەزنەکەی کەخوداکان بەنیازبوون بینێرن بۆ سڕینەوەی رەگەزی مرۆڤ. رەنگە بەهۆی رۆڵی ئەو وەک خوایەکی پارێزەرەوە بێت کەئینکی خودایەکی بەناوبانگ و خۆشەویست بووە لەنێو سۆمەرییەکاندا.
ئینانا، مێخودا لەناو بەناوبانگترینی خواکانی سۆمەرو میزۆپۆتامیادایە و بەگەنجینەی نەتەوەیی سۆمەری دادەنرێت. لەسەر بنەمای ئەو دەقە ئەدەبیانەی سۆمەرییەکان بەجێیان هێشتووە، رەنگە بگوترێ کە بەناوبانگترین خودای جڤاتی خواکانی سۆمەر ئیناننا بووە، لەلای (ئاشوورییەکان و بابلییەکان بەئیشتار ناسراوە). لەزۆرێک لەبەناوبانگترین و لەبەرگیراوەترین چیرۆک و ئوستورەو سروتەکانی سۆمەریدا، ئاشکرایە کە ئینانا رۆڵێکی دیار دەگێڕێت. لەوانە، ئوستورەکانی دابەزینی ئینانا و دارژیهان و ئینانا و خوای بنجیهان. هەر لەو دەقانەوەیە کەسروشتی ئەم مێخودایانەمان بۆ دەردەکەوێت و دەزانین کە ئینانا وەک مێخودای سێکس و سۆزو خۆشەویستی و شەڕ دەپەرسترا.
جگە لە ئان، ئینلیل، ئینکی و ئینانا، سێ خودای دیکە هەبوون کەحەوتەوانەی جڤاتی خواکانی سۆمەر پێکدەهێنن. یەکێک لەوانە ئەتەوـە کە خودای خۆرو دادپەروەرییە. لەقۆناغێکی سەرەتایی مێژووی سۆمەریدا، ئەتەو وەک برا دووانەکەی ئینانا دانراوە. یەکێکی دیکە لەخودا گرنگەکانی تری جڤاتی خواکان، مێخودا نینهورساگ بوو کە وەک مێخودای دایک دەپەرسترا. لەبەرئەوە پەیوەندی بەبەرەکەتی، منداڵبوون و سروشت و ژیانی سەر زەویەوە هەبوو. جگە لەوەش، نینهورساگ پارێزەری ژن و منداڵان بووە، بەتایبەتی ژنانی دووگیان و منداڵی بچووک. دواهەمین خودا لەحەوتەوانەی جڤاتی خواکانی سۆمەر،نانا، خودای مانگ و حیکمەتە. ئەم خوداە هەندێک جار بەباوکی ئینانا دادەنرێت. گرنگییەکەی لەوەدایە کە لەکاتی کردەی ئافراندن و پەیدابووندا رۆڵی گێڕاوە.